بەبۆنەى (٥/١٠) رۆژى مامۆستایانى جیهانى و (٦/١٠) رۆژى مامۆستایانى کوردستان، د. ئارام محمد قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له سەرجەم مامۆستایانی كوردستان ده‌كات و رۆڵیان له پێگه‌یاندنی نه‌وه‌كانى گەلەکەمان به‌رز ده‌نرخێنێت، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
مامۆستایانی ئازیزى كوردستان ...
بەبۆنەى (٥/١٠) رۆژى مامۆستایانى جیهانى و (٦/١٠) رۆژى مامۆستایانى کوردستان، جوانترین پیرۆزبایى ئاراستەى سەرجەم مامۆستایانى كوردستان و جیهان دەکەم و بەهیوام مامۆستایانی كوردستان لەبارودۆخێکى باش و دەستەبەرى مافەکانیان ئەم بۆنەیە پیرۆز بکەن.
مامۆستایانى کوردستان هاوشانى خەڵکى کوردستان و توێژەکانى دیکە بەشداربونە لە بەدەستهێنانى ئازادى و رزگارى بۆ گەلەکەمان و درێژەدان بە خەباتى زانست و پێگەیاندنى نەوەى تازە لەسەر رێبازى نەتەوەو کلتورى کوردستان، بۆیه مامۆستایان له‌و رۆژگاره‌وه تا ئه‌مڕۆ پێشه‌نگی خه‌باتی دیموكراسی و رزگاری گه‌له‌كه‌مان بوونە.
مامۆستایان له‌هه‌موو وێستگەکانى ژیاندا لێپرسراویەتى گه‌وره‌یان له‌ئه‌ستۆدایه، كه بریتییه له گه‌یاندن زانیاری و زانست و پێگه‌یاندنی نه‌وه دوای نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌و نیشتیمانه‌كه‌یان بكه‌ن. هەر بۆ ئەمەشە پێگه‌ی مامۆستا له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی هاوشانى فەرمانبەران به‌یه‌كێك له كۆڵه‌كه گرنگه‌كانی پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا داده‌نێین، چونكه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندا كه‌سانی ئه‌كادیمی پێ ڕاده‌گه‌ن كه له ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت بهكۆمهڵگه ده‌كه‌ن.
مامۆستایانى کوردستان ...
لە ئێستادا كه گه‌له‌كه‌مان به قۆناغێكی گرنگدا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌ركی مامۆستایان گرنگترە به به‌راورد بهتوێژهكانی تری كۆمه‌ڵگه، چونكه ئه‌ركی مامۆستا له زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانى خوێندن بریتییه له به‌ره‌وپێشبردن و سه‌رخستنی زانست و مه‌عریفه بۆ دواڕۆژێ گەلەکەمان، مامۆستایان لە ڕابردو رێگه‌یان نه‌دا قه‌یرانی دارایی كاریگه‌ری بكاتە سه‌ر پڕۆسه‌ی خوێندن و لە ئێستاشدا بە گڕو تینەوە ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ دەکەن و درێژە بە پرۆسەى خوێندن دەدەن.
لەپاڵ یادکردنەوەى رۆژى مامۆستایان نابێت رۆڵ و ئەرکى یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانیش لە یادبکەین کە وەک رێكخراوێكی پیشه‌یى، نوێنه‌رایه‌تی مامۆستایان به‌جیاوازی نه‌ته‌وه‌و ئایین و ره‌گه‌زو بیروباوه‌ڕی سیاسی ده‌كات، جێگەى خۆیەتى سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بکەم و، هيوادارين وه‌ك هه‌میشه هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجەکان بدەين و، هاوبه‌شی یه‌كتر بین له خزمه‌تكردنی بنه‌ما گشتییه‌كانی دیموكراسیه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه باڵاكانی گه‌لی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتر به‌بواری خوێندنی باڵا له كوردستاندا.
جارێکى دیکە رۆژى مامۆستایانى جیهانى و مامۆستایانى کوردستان لە سەرجەم مامۆستایان و پیرۆز بێت.
د. ئارام محمد قادر
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
شەممە - ٥/١٠/٢٠١٩