نوفمبر 2016

به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران پێشانگه‌ی زانكۆكانی توركیا له‌شاری هه‌ولێر كرایه‌وه

كردنه‌وه‌ی پیشانگه‌ی زانكۆكانی توركیا

به‌ ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه ڕێكه‌وتی‌( 11\2\2019) زانكۆی سه‌ڵاحه‌د‌دین میوانداری پێشانگه‌ی زانكۆكانی توركیا كرد.

‌له‌ پێشانگه‌كه‌دا كه‌ له‌ سێنته‌ری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌د‌دین كرایه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین/هه‌ولێر و، نوێنه‌ری كونسڵگه‌ری توركیا له ‌هه‌ولێر و، ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران به‌شداربون چه‌ند وته‌یه‌ك پێشكه‌شكرا.

له‌په‌یامێكیشیدا بۆ پێشانگاكه‌ د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند: ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرد بۆ ئه‌و میوانداریه‌، هه‌روه‌ك به‌گرنكی باسی له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ پێشانگایانه‌ كرد بۆ ئاشناكردنی خوێندكاران و خوازیاران به‌زانكۆكانی دونیا و توركیا به‌تایبه‌ت به‌به‌ش و پسپۆڕییه‌كان و سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زمونه‌كانیان.

د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌د‌دین/هه‌ولێر له‌میانی پێشكه‌شكردنی وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ پڕۆژه‌كانی به‌رده‌وامه بۆ ئاشناكردنی خوێندكاران و قوتابیان به‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌، وتیشی ئێمه‌ وه‌ك زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین، ڕونیشیكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نیه‌ زانكۆكانی وڵاتی توركیا له ‌شاری هه‌ولێر پێشانگه‌ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو‌ چه‌ندین جاری دیكه‌ ئه‌م كاره‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام كاری ئه‌جاره‌یان جیاوازه‌ و كاریگه‌ری زیاتری هه‌یه‌، چونكه به‌شێك له‌ زانكۆكان تازه‌ن و بۆ یه‌كه‌مجاریشه‌ ڕێكخراوی به‌خشینی سكۆله‌رشیپ له‌ توركیا هاتون بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی خوێندن بۆ ده‌رچوانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی داوای له‌ خوێندكاران و قوتابیان و خوازیارانی خوێندنی باڵا‌ كرد‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌‌ بقۆزنه‌وه‌ سود له‌و ڕێكخراوانه‌ وه‌ربگرن.

هه‌ر له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا نوێنه‌ری كونسڵگه‌ری توركیا له ‌هه‌ولێر و وتاری زانكۆ به‌شداربوه‌كانی پێشانگه‌كه‌دا وتاریان خوێنده‌وه‌ و، تیایدا ئاماژه‌یان به‌هه‌وڵی وڵاته‌كه‌یاندا بۆ ڕه‌خساندنی ده‌ره‌فه‌تی خوێندن له‌ توركیا بۆ خوزایارانی وڵاتانی دیكه‌، بۆ ئه‌وه‌شیان ئاشكراكرد كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار خوێندكار و قوتابی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێراق له‌ قۆناخه‌كانی جیاكانی خوێندن له‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌خوێنن.

دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی وتاره‌كان، له‌لایه‌ن د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پێشانگه‌ی زانكۆكانی توركیا كرایه‌وه‌ و، زانكۆكانی به‌شدار بو به‌سه‌ركرانه‌وه‌.

پێشانگه‌ی زانكۆكانی توركیا له ‌شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی دو ڕۆژ له‌ سێنته‌ری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین به‌رده‌وام ده‌بێت و، تیایدا زانكۆكان پێشوازی له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئاره‌زوی خوێندن له‌ وڵاتی توركیا ده‌كه‌ن و، شێوازو چۆنیه‌تی خوێندنیان له‌ وڵاته‌كه‌یاندا بۆ خوازیاران ڕون ده‌كه‌نه‌وه‌.

‌  ‌

 

 ‌