بەئامانجى وردبینیکردن لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، لێژنەى باڵاى وردبینى موچە، کەلەلایەن حکومەتى ئێراقیەوە پێکهاتوە، کارەکانیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەستپێکرد.
بەگەیشتنى وەفدى حکومەتى ئێراقى بەسەرۆکایەتى د. محمد عبد عەتیە سەراج بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێراقى بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلایەن ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەگەرمى پێشوازییان لێکرا، دواتر لە دیدارێکدا لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى گفتوگۆیان لەبارەى دۆخى خوێندنى باڵا لە ئێراق و هەرێمى کوردستان کرا، هەروەک باس لە چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوانیان کرا.
لەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ پێنچ شەممە، رێکەوتى (١/٢/٢٠١٨) بەئامادەبونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و، ئەندامانى لێژنەى وردبینى موچەى فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەیبون، گفتوگۆ لەبارەى سێکتەرە جیاکانى خوێندنى باڵا و چۆنیەتى پەرەپێدانى کرا.
لەو چوارچێوەیەدا، د. محمد عبد عەتیە سەراج سەرۆکى لێژنەى باڵاى وردبینى حکومەتى ئیراقى، کە لەهەمان کاتدا بریکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیە باسى لە کارنامەى لێژنەکەیان کرد، هەروەک ئەوەشى ڕاگەیاند: لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردودا چەند کۆبونەوەیەکى سەرکەوتومان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایى و ئابورى ئەنجامداوە، د. محمد عبد عەتیە سەراج ستایشى جێبەجیکردنى سیستمى بایۆمەترى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى کرد و، وتى: جیبەجێکردنى ئەو سیستمە لە کوردستان کارێکى زۆر گرنگە و، کارئاسانى زۆر بۆ کارەکانى ئێمە دەکات و، ئەوەشى ڕاگەیاند: شایستە داراییەکانى فەرمانبەرى فیعلى وەک حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى بەغداد جەختى لەسەر کردۆتەوە بەتەواوەتى مافى پارێزراوە و موچەى خۆى بەتەواوەتى وەردەگرێ.
لەبەرامبەردا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان بۆ هەرێمى کوردستان، ئامادەیى تەواوەتى وەزارەتەکەى بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپات کردەوە، وتیشى ئەم کارانە سەەرەتایەکى گرنگە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لە نێوان حکومەتى ئێراقى و هەرێمى کوردستان هەیە، وتیشى ئامانجى هەردوو حکومەت خزمەتکردنى هاوڵاتیانە، بۆیە گرنگە کە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانەوە کارەکانتان دەستپێکردوە، ڕونیشیکردەوە شانبەشانى چارەسەرکردنى ئەو کێشانە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنى کێشە سیاسیەکان دەنێین.
د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: دەبێ هەموان پێکەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە چوارچێوەى دەستور بنێین، شکاندنى بەستەڵەکى پەیوەندییەکانى نێوان کە بەم هەنگاوە دەستپێکردوە، دەبێتە هۆکارى ئاشکرابونى ئاستى نیازپاکى نیوان هەردولا بۆ یەکترى.
لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەستراتیژ و کارى وەزارەتەکەى بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆکانى کوردستان کرد، هەروەک باسى لە گرنگى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئێراقى کرا.
دوا بەدواى دیدارەکەیان لەگەڵ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لێژنەکە لە هۆڵى کۆبونەوەکانى دیوانى وەزارەت دەستیان بەکارەکانیان کرد، بۆ ئەوەشى د.کریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەناوى وەزیرى و ستافى وەزارەت بەخیرهێنانى ستافى وەفدى بەغداد کرد و هیواى خواست کارەکانىان ئەنجامى باشى هەبێت.
دواترى د. محمد عبد عەتیە سەراج سەرۆکى وەفدى بەغداد: هەماهەنگى تەواومان لەگەڵ بکەن بۆ ئەوەى بەزوترین کات کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەواو بکەین و لیستى ناوەکان بەرزبکەینەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایى لەسەر بدرێت، وتیشى لەو نۆ وەزارەتەى بەئێمە سپێدراوە کارى لە پیشینەمان بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەبێت، چونکە وەزارەتێکى خزمەتگوزاریە و ئەرکى گەوەرەى لە ئەستۆیە بۆ پێگەیاندنى کادیر بۆ سێکتەرە جیاکانى حکومەت و کۆمەڵگە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئەندامانى لێژنەى وردبینى وردەکارییەکانى کارەکانیان و داواکارییەکانیان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خستەڕوو.
لە بەرامبەردا، لەلایەن بەڕێوەبەرە گشتیەکانى و بەڕێوەبەرە پەیوەندارییەکانى دیوانى وەزارەت زانیارى و داتاى پێویست خرایە بەردەستى ئەندامانى لێژنەکە و وەڵامى وردەکارى پرسیارەکانیانیان دایەوە.