نوفمبر 2016

رێکخراوى دادى ئاڵمانى زەمالەى خوێندن پێشکەش بەهەرێمى کوردستان و ئاوارەکانى سوریا لە کوردستان دەکات

IMG_5117.jpg

 ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى بڕیاریدا ژمارەیەک زەمالەى خوێندن پیشکەش بە ئاوارەکانى سوریا لە هەرێمى کوردستان و ئەو خویندکارانەى هەرێمى کوردستان بکات کە پێویستیان بەپالپشتى دارایى هەیە بۆ درێژەدان بەخوێندن.

ئەو بریارەى ڕێکخراوى دیادى ئاڵمانى لە میانەى دیدارێکى بەرپرسى یەکەمى زەمالەى ڕێکخراوەکە لەگەڵ وەزیرى خویندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى ئاشکرا کرا، کە ئەمرۆ دووشەممە، ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠١٦) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى کردبوو.

لەو دیدارەدا کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانى وەزارەت، خاتوو دیدار داودى نوێنەرى ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى لە عێراق بەڕێوەچوو گفتوگۆ لەبارەى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى کرا.

لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتای دیدارەکەدا، کریستا هویلسهورستەر لێپرسراوى یەکەمى زەمالەى نێودەوڵەتى لە ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى ڕاگەیاند: خۆشبەختانە دواى پەیوەندى بەردەوام و ڕاگۆڕینەوەى  وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پێشکەشکردنى پرۆپۆزەڵێک بە ڕێکخراوى داد، بڕیاریماندا لە سێ لاوە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى بکەین، بۆ ئەوەش بریارماندا ژمارەیەک زەمالەى خوێندن پێشکەش بەئاوارەکانى سوریا بکەین، بۆ ئەوەى بتوانن بەسیستمى پارالێل لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژە بەخویندنى (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) بدەن، لەهەمان کاتدا بەشێکى ئەو زەمالانە بۆ ئەو کاندیدانەى هەرێمى کوردستان دەبێت کە پێویستیان بەپاڵثشتى دارایى دەبێت بۆ ئەوەى بەسیستمى پارالێل لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژە بەخوێندن بدەن، هاوکات نەخشە ڕێى جێبەجیکردنى ئەو بڕیارەش بەهەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى دانرا.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا ئەو لێپرسراوەى ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى وتى: ڕێکخراوەکەمان هاریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى، هەروەک تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە پڕۆپۆزەڵى ئەو پڕۆژەیەش گەیشتۆتە ڕێکخراوەکەیان و لە ئێستادا کارى لەسەر دەکەن. ئەو پڕۆژەیە بەهەماهەنگى ئەنجومەنى نیشتیمانى بۆ توێژینەوەى زانستى ئاڵمانى جێبەجێ دەکرێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنى پڕۆژەکەدا ژمارەیەک لە بڕیار بەدەستدانى ئەنجومەنى توێژینەوەى زانستى ئاڵمانى لە ئەمساڵدا سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن.

لە کۆتایى قسەکانیدا کریستا هویلسهور ئامادەیى ڕێکخراوەکەیانى پیشاندا کە لە بابەتى ناسێنترالیزمى کارگێڕى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارى لەسەر دەکات بەڕەوانەکردنى کۆمەڵێک شارەزاو پسپۆڕى بوارەکە ڕەوانەى هەرێمى کوردستان بکات بۆ بەشداریکردن لەو دیدارانەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەنیازە بۆ ئەو مەبەستە ڕێکیان بخات.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، خۆشحاڵى بەو هەماهەنگى و هاوکاریانەى ڕێکخراوى دادى ئاڵمانى نیشانداو بەدەسکەوتى گەورەو گرنگ لە بوارى خوێندن و زانست بۆ هەرێمى کوردستان وەسفى کرد، هیواشى خواست لە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بن بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى نێوان هەردوولا.