نوفمبر 2016

سیسته‌مى ئیدارى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و زانکۆکان ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت

IMG_3044.JPG

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆژەى بە ئەلیکترۆنیکردنى سیستمى ئیدارى لە وەزارەت و دامەزراوەکانى  جێبەجێدەکات و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیش ڕایدەگەیەنێت بڕیارمانداوە بە تواناو و ستافى خۆمان دەست بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى ئیدارى وەزارەتەکەمان بکەین.

ئەم لێدوانەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى  لە کۆبوونەوەیەکیدا داهات کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێكه‌وتی (٢٠/١٢/٢٠١٥), لە هۆلى ڤیدیۆ کۆنفرانسى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و بەمەبەستى بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى ئیدارى وەزارەت و زانکۆکان بەڕێوەچوو.

 لە کۆبونەوەکەدا د.یوسف گۆران ئاماژەى بەگرنگى ئەو سیستەمە کردو وتى: لەنزیکەوە سەرپەرشتى ئەو پڕۆژه‌ییە دەکەین و، لەتەواوى ووردەکاییەکان هاوکارو پاڵپشتان دەبین، هەر بۆیە پێویستە سەرجەم زانکۆکانیش تەواوى تواناى خۆیان بخه‌نه‌كار بۆ سەرکەوتن و زوو تەواوکردن و بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى ئیدارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى بەهۆى ئەم سیستەمەوە سەرجەم داتاو زانیارییەکانى وەزارەت و زانکۆکان بە یەک دەبەسترێتەوە و کارئاسانى باش لەگۆڕینەوەى داتاکان دروست دەبێت و، لەدەرنگ گەیشتنى زانیارى و پێویستیەکان دوورمان دەخاتەوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د.یوسف گۆران به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌لكترۆنی كرد و ڕاگه‌یاند: یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ركه‌توه‌كانی ئه‌مڕۆی حكومڕانی و به‌ڕێوه‌بردنی مۆدێرین بریتیه‌ له‌ بونی سیسته‌مێكی باشی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌لكترۆنی، ڕونیشیكرده‌وه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی جیاواز له‌ وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ كه‌ خاوه‌نی كه‌سانی ئه‌كادیمی و زانستییه‌ ده‌بێت ده‌ستپێشخه‌ر بێت له‌ به‌ئه‌لكترۆنیكردنی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ به‌ئه‌لكیترۆنیكردنی سیسته‌می به‌رێوه‌بردن پاڵپشتیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان.‌

 دواتر د.خەتاب شێخانی بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەت بەرچاوڕونیەکى سەبارەت بە پڕۆژەكە خستەڕوو وتى : زۆرێک لە کۆمپانیاى تایبەت بەو بوارە داواکارییان پێشکەش کردین بۆ جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە، بەڵام بەهۆى بەرزى نرخەکانیان نەمانتوانى جێبەجێ بکەین، لەئێستادا بەپشت بەستن تواناو لێهاتووى خۆمان و ستافەکانمان دەست دەکەین بە جێبەجێ کردنى ئەم پرۆژەیە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا لوقمان ڕواندزى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە به‌ئامێری داتاشۆ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ كرد و وتى: ئەم سیستەمە لەسێ (٣) بەش پێك دێت، بەشى یەکەم تایبەت ده‌بێت بەفەرمانبەران و مامۆستایان و، بەشى دووەم  تایبەتە بەخوێندکاران، هه‌روه‌ك بەشى سێیەمیش تایبەتە بە بودجە و خەرجیەکان و موڵكه‌و كه‌ره‌سته‌كانی زانکۆ.