له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ دەڤەری بادینان و به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه ئاگاداربون له دۆخی خوێندنی باڵا له سنووره‌كه، د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێَندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی قه‌زای ئاكرێ-ی به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ ستافی فاكه‌ڵتی زانست و په‌روه‌رده‌و په‌یمانگەی ته‌كنیكی ئاكرێ كۆبۆوه.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ رێكه‌وتی (3/3/2015) وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆی سۆران سه‌ردانی قه‌زای ئاكرێ-ی كرد‌و، له‌گه‌ڵ قائیمقامی قه‌زای ئاكرێ كۆبۆوه. له كۆبونه‌وه‌كەدا باس له دۆخی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له سنووره‌كه كرا. بۆ ئه‌وه‌ش د. یوسف گۆران سوپاسی یه‌كه ئیدارییه‌كانی سنووره‌كه‌ی كرد‌و، ڕایگه‌یاند بایه‌خی ته‌واو ده‌ده‌ین به فاكه‌ڵتی و به‌شه‌كان له قه‌زاكاندا به‌و پێیه‌ی به‌پێی پێویستی سنووره‌كه گه‌نجان و لاوان پێده‌گه‌یه‌نن بۆ خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان.
دواتر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی په‌یمانگەی ته‌كنیكی ئاكرێ-ی كرد كه زیاتر له (1000) هه‌زار خوێندكاری هه‌یه‌و, (50) مامۆستا له په‌یمانگه‌كه وانه ده‌ڵێنه‌وه. لەو چوارچێوەیەدا د.یوسف گۆران داوای له مامۆستایانی په‌یمانگەی ته‌كنیكی ئاكرێ كرد بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و كوالێتی خوێندن په‌یڕه‌وی بنه‌ما زانستیه‌كانی خوێندن بكه‌ن و, هه‌وڵ بده‌ن بۆ به‌رزركردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یمانگه‌كه.
هه‌روه‌ك له به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی فاكه‌ڵتی زانست و په‌روه‌ردەی ئاكرێ, كە سەر بە زانكۆی دهۆكە هەردوو (سكوڵی زانست, سكوڵی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی) لەخۆدەگرێت, كە (2000) دوو هه‌زار خوێندكاری هەیە، هەروەك (52) مامۆستا له فاكهڵتیهكه وانه ده‌ڵێنه‌وه.
وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ ڕاگر و مامۆستایانی فاكه‌ڵتی زانست و په‌روه‌رده كۆبۆوه‌و له كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له ره‌وشی خوێندن له ناوچه‌كه كرا, هه‌روه‌ك تیشكیش خرایه سه‌ر پێداویستی و داواكاری مامۆستایان بۆ به‌ره‌و پێش بردنی زیاتری دۆخی خوێندن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی
بڕوانە وێنەی زیاتر.....