نوفمبر 2016

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ وه‌فدێكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرد

newsitem-1762-23.06.2014-ku.jpg

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (23/6/2014) د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین به‌سه‌رۆكایه‌تی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین.

    له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین پیرۆزبایی له‌ د.یوسف گۆران وه‌ك وه‌زیری نوێی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد، هه‌روه‌ك پاڵپشتیی و پشتیوانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددینی بۆ وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌ربڕی له‌ پێناو پێشخستنی كه‌رتی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی كورته‌یه‌كی له‌ باره‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و ئه‌و به‌ره‌وپێشچونانه‌ی له‌ ڕوی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی به‌دیهاتون پێشكه‌شی وه‌زیری خوێندنی باڵا كرد، ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه‌ كه‌ به‌پێیی دواین هه‌ڵسه‌نگاندن زانكۆكانی كوردستان له‌ ڕوی به‌ڕێوه‌چونی كاروباره‌كان و سه‌ربه‌خۆی و ده‌وامی خوێندكاران و به‌ستنی كۆنفرانس له‌ پێشه‌نگی زانكۆكانی عێراقن.
    له‌ به‌رامبه‌ردا د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان, به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ پێگه‌و ڕۆڵی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین كرد له‌ پێشخستنی بواری زانستی و ئه‌كادیمی و پێگه‌یاندنی كادیری لێهاتو و به‌توانا بۆ كۆمه‌ڵگه‌, راشگه‌یاند: به‌و پێیه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین ده‌كه‌وێته‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌ ڕوخساری زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستان و میوانانی بیانی له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددینه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ زانكۆكانی دیكه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین زیاترو زۆرتر ده‌كات تا وێنه‌یه‌كی باش پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند به‌دامه‌زراوه‌یكردنی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی كوردستان و بونیادنانی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌كادیری لێهاتوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌ ئێستاوه‌ بیر له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌شانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ داهاتوی كوردستان گرنگن، نابێ‌ ئه‌وه‌ش له‌ بیر بكه‌ین كه‌ ئێستا جیهان چاوی بڕیوه‌ته‌ كوردستان، بۆیه‌ ده‌بێ‌ خۆمان بۆ داهاتویه‌كی گه‌شتر ئاماده‌ بكه‌ین.
له‌ كۆتایشدا هیوای خواست پێكه‌وه‌ بتوانن پڕۆسه‌ی خۆێندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌نگاوی زیاتر ببنه‌وه‌ پێشه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ئاست پێگه‌و داهاتوی كوردستان بێ‌.