نوفمبر 2016

لێژنه‌یه‌كی هونه‌ری له‌سه‌رجه‌م زانكۆكان بۆ پێداچوونه‌ به‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان

newsitem-1500-11.02.2013-ku.jpg

بۆ داڕشتنی به‌رنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن و پێداچوونه‌وه‌ به‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ هۆڵی كۆبونه‌وه‌كانی دیوانی وه‌زاره‌ت كۆبونه‌وه‌ی یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی سه‌رجه‌م زانكۆكان بۆ كاروباری خوێندكاران و قوتابیان كۆبونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 11/2/2013 ڕێكخرابوو، د. عه‌لی سه‌عید ڕێنوێنی پێویستی پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بووان كرد بۆ چۆنێتی پێداچوونه‌وه‌ به‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و باشكردنی دۆخی خوێندكاران و قوتابیان بۆ ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی له‌باری خوێندنیان بۆ برخسێندرێت.

دوا به‌دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش د.عه‌لی سه‌عید وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌یدا مه‌به‌ستی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بۆ نێَردراوانی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاند ئاشكرا كرد و ووتی: دوای ئه‌و ڕوداوه‌ نه‌خوازراو دڵته‌زێنه‌ی كه‌ له‌ به‌شه‌ ناوخۆی (فیرده‌وس)ی زانكۆی پۆلی ته‌كنیكی سلێمانی ڕویدا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ (2) خوێندكارو قوتابی و كارمه‌ندێك شه‌هیدبوون، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی زانكۆكان له‌سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ش بڕیاری پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی هونه‌ری له‌سه‌رجه‌م زانكۆكانیان داوه‌، وتیشی ئه‌و لێژنه‌یه‌ هه‌موو به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌هلی و حكومی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی له‌و به‌شه‌ ناوخۆییانه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت لێپرسراوانی ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌ر له‌ سه‌رۆكی زانكۆكانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ڕاگری كۆلێژ و فه‌كوڵتیه‌كان ڕۆژانه‌و هه‌فتانه‌و مانگانه‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئاگاداربوون له‌ كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی خوێندكاران و قوتابیان و چارسه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ ڕوبه‌ڕویان ده‌بێته‌وه‌. هاوكات د.عه‌لی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ نوێنه‌ری خوێندكاران و قوتابیان له‌به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌بنه‌ ئه‌ندام له‌و لێژنه‌ هونه‌رییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكان پێك ده‌هێندرێت. ئاشكراشی كرد كه‌ سبه‌ی سێ‌ شه‌ممه‌ له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی سه‌رجه‌م زانكۆكانی كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌یدا وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند: كه‌ پلانی درێژخایه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا به‌هاریكاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دروستكردنی به‌شه‌ ناوخۆی پێویسته‌ بۆ سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانی ڕوداوه‌كه‌ی به‌شه‌ ناوخۆی (فیرده‌وس) و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان، د.عه‌لی سه‌عید ڕاگه‌یاند: ئه‌و لێژنه‌ باڵایه‌ی كه‌ به‌فرمانێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ چۆنێتی ڕودانی ڕوداوه‌كه‌ پێكهاتووه‌ نوێنه‌ری قوتابیان و خوێندكارانیشی تێدایه‌وه‌ و، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌چڕی ده‌ستیان به‌لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆیان كردوه‌ و، دواتر هۆكاری ڕودانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ بۆ ڕای گشتی ئاشكرا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و خوێندكاره‌شی كه‌ ڕوانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران كراوه‌، وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ووتی: ئه‌و خوێندكاره‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی دارایی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خانمی یه‌كه‌می عێراق به‌فرۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی توركی به‌هاوڵی دوو برای ڕه‌وانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران كرا و، له‌سه‌ر زاری براكه‌یه‌وه‌ تا ئێواره‌ی دوێنێ‌ یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ ژیاندا مابوو، بۆیه‌ هیوادارین به‌ساغ و سه‌لامه‌تی بگڕێته‌وه‌ ناو كه‌س وكاری و درێژه‌ به‌خوێندنه‌كه‌ی بدات.

د. عه‌لی سه‌عید سوپاسی پارێزگاری سلێمانیشی كرد كه‌ جگه‌ له‌و هاوكارییه‌ی پێشكه‌شی خوێندكاران و قوتابیانی به‌شه‌ ناوخۆیی (فیرده‌وس)ی كرد، له‌هه‌مان كاتدا ئێستاش له‌ هه‌وڵدان بۆ دابینكردنی دوو به‌شه‌ ناوخۆی نوێ‌ بۆ خوێندكاران و قوتابیانی (فیرده‌وس) به‌هه‌موو پێداویستیه‌كانیه‌وه‌، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: كه‌ وه‌ك وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی فه‌رمانیان كردوه‌ به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دارایی وه‌زاره‌ت تا له‌سه‌ر (نپریه‌)ی وه‌زاره‌تی وه‌ك هاوكارییه‌ك بڕی (250,000) دوو سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار ببه‌خشن به‌سه‌رجه‌م خوێندكاران و قوتابیانی به‌شه‌ ناوخۆی (فیرده‌وس)ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی.