نوفمبر 2016

پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن وجه‌ژن

ده‌ستپێكی ساڵی ئه‌كادیمی ئیمساڵ هاوكاته‌له‌گه‌ڵ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پێرۆز.  به‌هه‌ردوو بۆنه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و خوێندكارانی ده‌زگاكانی خوێندنی باڵا ده‌كه‌م.  هیوادارم ساڵی سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازی  هه‌موو لایه‌ك بێ.  

 

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌ساڵی ئه‌كادیمی ڕابوردوو هه‌ستێكی پڕسۆز ده‌به‌خشێ.  بۆ مامۆستایان و خوێندكاران و خانواده‌كانیان ساڵێكی پڕ له‌كۆشش بوو، و جێگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ده‌ستخۆشی له‌هه‌موویان بكه‌ین و پیرۆزبایی له‌ده‌رچووه‌كانیش بكه‌ین.  بۆ به‌رپرس و پێشڕه‌وه‌ئه‌كادیمی و كارگێڕیه‌كانیش، پارساڵ ساڵێكی چڕ و پڕ بوو و تێیدا له‌چه‌ندین ته‌وه‌ره‌وه‌كاروانی ڕیفۆرمی سیسته‌می خوێندنی باڵا كه‌وته‌ڕێ.  له‌چه‌ندین لاوه‌چاوی ڕه‌خنه‌گرانه‌به‌سیسته‌می خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی خشێندرایه‌وه‌و بڕیاری وه‌رچه‌رخێن و چاره‌نوس ساز دران.  له‌وانه:

  • بڕیاری ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری له‌خوێندنی دیپلۆم و به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر بۆ خاتری به‌رز كردنه‌و‌ه‌ی ئاستی فێربوون و ڕاهێنان.
  • ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌ی زانستخوازی به‌رده‌وام بۆ به‌رز ڕاگرتنی ئاستی زانستی مامۆستایان.
  • نوێ كردنه‌وه‌ی سیسته‌می خوێندنی دكتۆرا بۆ به‌ستنه‌وه‌ی زانكۆكانمان به‌هاوتا ده‌ره‌كیه‌كانیان و خاتری هه‌ماهه‌نگ كردنی توێژینه‌وه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی زانستی سه‌رده‌م.
  • ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی تواناسازی بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی خوێندكارانی پێشه‌نگ بۆ وڵاتە پێشكه‌وتووه‌كان.
  • گۆڕانكاری له‌سیسته‌م و پلانی وه‌رگرتن له‌خوێندنی ماسته‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و فراوانكردنی توانستی وه‌رگرتن.
  • داڕێژتنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی كۆلێژه‌كان بو كه‌م كردنه‌وه‌ی نه‌زیفی دارایی و ئاوێته‌كردنی ڕۆڵی وانه‌بێژی له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه‌ی زانستی، هه‌روه‌ها وه‌ك زه‌مینه‌سازیه‌ك بۆ سه‌ربه‌خۆ كردنیان له‌ڕووی دارایی و ئه‌كادیمی و كارگێڕیه‌وه‌،
  • په‌ره‌ڵێدانی پڕۆگرامی خوێندن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی توانستی فێربوونی خوێندكاران.
  • زیاد كردنی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌بۆ خاتری ڕیفۆرمی سیسته‌می وه‌رگرتنی قوتابیان له‌زانكۆ و ئاوێته‌كردنی ئاره‌زوو به‌چاره‌نوس.
  • داهێنانی تۆڕێكی چاودێری بۆ سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستی كارمه‌ند و خوێندكارانی خوێندنی باڵا.
  • داهێنانی سیسته‌مێكی نوێ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی زانكۆ ئه‌هلیه‌كان و حكومه‌تیه‌كان.

ئه‌وانه‌و ده‌یان گۆڕانكاری ووردتر كه‌‌له‌ساڵی ئه‌كادیمی ئاینده‌دا ده‌كه‌ونه‌بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌.  بۆیه‌ش، ساڵی ئاینده‌ پڕ ده‌بێت له‌كاری مه‌یدانی، وه‌پێویستی به‌هه‌وڵ و هیممه‌ت و هاوكاری سه‌رجه‌م مامۆستایانی پێشڕه‌و و خوێندكارانی پێشه‌نگ ده‌بێت.  به‌بێ هیممه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌، مه‌حاڵه‌كاروانی ڕیفۆرم به‌ره‌و ئاوات بگاته‌جێ.  پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌رێم و چاره‌نووسی نه‌وه‌كانی ئاینده‌وا ده‌خوازێ كه‌هه‌موو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار له‌سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا به‌شدار بێ، هه‌ریه‌ك له‌لای خۆیه‌وه‌به‌لانی كه‌مه‌وه‌به‌چاودێری كردن و پێشكه‌ش كردنی ڕه‌خنه‌و تێكه‌ڵ بوون به‌دیالۆگ، ئه‌زموونه‌كه‌ده‌وڵه‌مه‌ند بكات.  چاوه‌ڕوانی له‌خوێندكاران ده‌كرێ كه‌ڕاو بۆ چوونیان سه‌باره‌ت به‌پڕۆسه‌ی دڵنیایی جۆری به‌مامۆستایان بگه‌یه‌نن.  چاوه‌ڕوانی له‌مامۆستایان ده‌كرێ كه‌به‌متمانه‌وه‌پڕۆسه‌كه‌ئه‌نجام بده‌ن و كار له‌سه‌ڕ تێبینی و ڕه‌خنه‌ی دروستكه‌ره‌كان بكه‌ن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.  چاوه‌ڕوانی له‌سه‌ركرده‌كانی زانكۆ و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنیكی ده‌كرێ كه‌پشتگیری مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران بكه‌ن و ڕێگه‌نه‌ده‌ن پڕۆسه‌كان له‌ڕووی به‌ربه‌ستدا خاو ببنه‌وه‌‌.

دووباره‌ساڵی نوێ ی خوێندن و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانتان پیرۆز بێت.

پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عبدالعزیز علاءالدین