نوفمبر 2016

د.یوسف گۆران: هەرێمى کوردستان ئامادەییە بەپێیى دەستور وبە گفتوگۆ کێشەکانى لە بەغداد چارەسەر بکات

Alamanya

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەگەر کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئێراقى بەڕێگەى دیالۆگ و دەستور چارەسەر نەکرێ، مەترسى تەشەنەسەندنى زیاترى لێ دەکرێ، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠١٧) لە دیوانى وەزارەت لەمیانەى دیدارێکدا لەگەڵ خاتو (هێلن مێرکس) جێگرى کونسڵى ئەڵمانى هات، لەو دیدارەدا، کە بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د. محمد حسین کەلارى بەرپرسى پەیوەندییە دەرەکیەکانى وەزارەت بەڕێوەچو، چەند بابەتێکى هاوبەشى نێوان هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرهێنانى جێگرى کونسڵى گشتى ئەڵمانیاى کرد و سوپاسى حکومەتى ئەڵمانیاى کرد کە ڕاهێنانەکانیان بەهێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان دەستپێکردۆتەوە، دواتریش کورتەیەکى لەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکان و کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ئێراق پێشکەش بەوەفدى میوان کرد بەتایبەت کێشەى ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و وتى: وەک لە دەستورى هەمیشەى ئێراقدا دیارى کراوە چۆن ئێراق بەمافى خۆى دەزانێ لە هێز و دامەزراوەکانى لەو ناوچانەدا هەبێ، بەهەمان شێوە هەرێمى کوردستانیش بەمافى خۆى دەزانێ لە بەڕێوەبردنى و سەرپەرشتیکردنى بارودۆخى ئەمنى و کارگێڕى بەشدار بێ، بۆیە ئەگەر ئەو دۆخە بەهەڵپەسێردراوى درێژە بکێشى ئەگەرى ڕودانى کێشەى گەورەتر دەکرێ، د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندین بەپێیى دەستور کێشەکان یەکلایبکرێنەوە، بۆ ئەوەش دوچار دەستپێشخەریمان کردوەو ئامادەیمان پیشانداوە بۆ ئەوەى بەڕێگەى گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، چونکە لەلایەنى حکومەتى ئێراقیەوە تا ئێستا زیاترى لە (٥٠) ماددەى دەستورى کە پەیوەندیان بەهەرێمى کوردستانەوە پێشیلکراون.

ئێمە هەڵوێستەکانى ئەڵمانیامان و فەرنسا لە شەڕى داعش و بایەخدان بەهەرێمى کوردستان بەرز دەنرخێنین، ئێستا لە هەوڵدان بۆ پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان.

لە بەرامبەردا، جێگرى کونسڵى ئەڵمانیا جەختى لەسەر هەماهەنگى و کارى هاوبەش لە بوارى خوێندنى باڵا کردەوە بەتایبەت چارەسەرکردنى کێشەى مامۆستایانى بەشى زمانى ئەڵمانى لە کۆلێژى زمانى زانکۆى سەڵاحەددین، لەهەمان کاتدا باس لە بەرنامەى دادى ئەڵمانى لە کوردستان کرا.