وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چڕ‌وپڕ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماده‌یی و هاوكاری ته‌واوی وه‌زاره‌تی پیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر پرسیار و به‌دواداچوون و داواكارییه‌كی په‌رله‌مانتاران هه‌بێت بخرێته به‌رده‌ستیان.
ڕۆژی دووشه‌ممه 21/11، كاتژمێر 3:00 دوای نیوه‌ڕۆ، پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌بدولعه‌زیز عه‌لائه‌دین وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ ستافێكی باڵای وه‌زاره‌ت پێشوازیان كرد له لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان، كه پێكهاتبوون له سه‌رۆك و بڕیارده‌ر و 3 ئه‌ندامی تری هه‌مان لیژنه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری خوێندنی باڵا خۆشحاڵی خۆی و ستافی وه‌زاره‌تی ده‌ربڕی به‌وه‌ی، كاره‌كانی وه‌زاره‌ت به شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆ هه‌موو به‌دواداچونێكی په‌رله‌مانتاران ده‌رگه‌ی واڵایه و شتێكی شاراوه‌ی نییه تا سڵی لێبكه‌نه‌وه وتیشی " هیچ سنورێك نیه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بابهتهكان و ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م جۆره دانیشتنانه ببێته كه‌لتورێك و په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت" .
دانیشتنه‌كه چه‌ند تهوهرهێكی گرنگی له خۆوه گرتبوو. دیاریترینیان چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی تواناسازی و گرفته‌كانی ئه‌و پڕۆسه‌یه به‌ر له ڕۆشتنی خوێندكاران و دوای ڕۆشتنیان. هه‌روه‌ها ته‌وه‌ری ماسته‌ری ناوه‌خۆ و مه‌سه‌له‌كانی توانستی زمان كه‌وته به‌ر گفتوگۆوه. پڕۆفیسۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین، ئاماده‌یی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پیشاندا، به‌وه‌ی ناوی گشت وه‌رگیراوانی پڕۆسه‌ی تواناسازی بخاته به‌رده‌ست په‌رله‌مانتاران و سه‌ر پشكی كردن له لێكۆڵینه‌وه له ناوه‌كان.
لیژنه پهرلهمانتارییهكه، كه له فراكسیۆنی جیاواز پێك هاتبوون، خۆشحاڵی خۆیانیان ده‌ربڕی به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خویندنی باڵا هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه.