Nov 2016

یەکەمین گروپى خوێندکارى زانکۆکانى کوردستان بەرەو کۆمارى میللى چین بەڕێکەوتن

IMG_0002.JPG

 وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێک پلانە ستراتیژى وەزارەت بریتیە لە بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکانى کوردستان، بۆیە لە ڕێگەى جێبەجێکردنى پڕۆژە جۆراوجۆرەکانمان هەوڵى تەواو دەدەین بۆ جێبەجێکردنى ئەو پلانە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠١٦) لە میانەى بەڕێکردنى یەکەمین گروپى خوێندکارە بەتواناکانى زانکۆکانى کوردستان بۆ وڵاتى کۆمارى میللى چین هات، بەر لە بەڕێکردنیان لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبونى د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو، د.یوسف گۆران ڕوو لە ئەندامانى گروپەکە وتى: پێم خۆشە کە ئێوە دەبینم و، بەتواناى خۆتان لە پڕۆسەیەکى تایبەتدا هەڵبژێردراون بۆ ئەوەى سەردانى کۆمارى میللى چین بکەن و، لە نزیکەوە پێشکەوتنەکانى ئەو وڵاتە ببینن، هەروەک خۆشحاڵى خۆشى دەربڕى کە لەگەڵ کۆمارى میللى چین دەستیان بەجێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە کردوە بۆ ئەوەى لە نزیکەوە خوێندکارانى کورد ئاگادارى پێشکەوتنەکانى کۆمارى میللى چین و ئاستى زانکۆکانى ئەو وڵاتە بن، ڕونیشیکردەوە ئەم جۆرە سەردانانە بەردەوامى دەبێت و، ساڵانە گروپى خوێندکاران ڕەوانەى چین دەکەین، بەهەمان شێوە خوێندکارانیش زانکۆکانى چینیش سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن.

لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە پاڵ سەردانى زانستى، سەردان و ناسینى شارستانیش گرنگە بۆ پەرەپێدان بەتواناى خوێندکاران، هیواشى خواست خوێندکاران لە پاڵ ئەو توانا بەرزەى کە هەیانە، ئەم سەردانەش ببێتە هۆکارێکى دیکە بۆ زیادکردنى خەرمانى زانستیان، چونکە خوێندکار تەنها لە هۆڵەکانى خوێندن فێرى زانست و بەدەستهێنانى زانیارى نابێ، بەڵکو دەبێ نیشتیمان و وڵاتە جیاکان ببین و، لە نزیکەوە ئاشنایى شارستانیەت و کەلتورى گەلانى جیهان بن، وەک چۆن ئەوەى لە وڵاتە پێشکەوتوەکان هەیە و بەرنامەى بۆ دادەڕێژن.

لە کۆتایى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە ئەندامانى ئەو گروپەى خوێندکاران وتى: ئێوە لەم سەردانەتاندا نوێنەرایەتى گەلى کوردستان دەکەن، بۆیە دەبێ لە دیدارى و سەردانەکانتاندا هەوڵ بدەن پەیامى زانستى نەتەوەکەتان بگەێینن بەگەلى چینى.

لە بەرامبەردا، سەرۆک و ئەندامانى وەفدەکە کە لە (١٠) زانکۆى کوردستان هەڵبژێردراون، سوپاسى تایبەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی و د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى وەزارەتیان کرد، بۆ ڕێکخستنى ئەو سەردانە بۆ کۆمارى میللى چین، بەڵێنیشیاندا لە گەڕانەوەیان بۆ کوردستان، ئەو زانست و زانیارییەى فێرى بون بگەێننەو بەهاوڕێیانیان.

سەردانى ئەم گروپەى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین لە میانەى دیدارێکى نێوان (تان بانگلین) کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین لە هەرێمى کوردستان و، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هات، کە لە ڕێکەوتى (٢٩/٦/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەت بەڕێوەچو و، تیایدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشنیازیکرد کارئاسانیى بکرێت بۆ ئەوەى خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ڕوو لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە بکەن بۆ ئاشنابون بە بوارى ئابورى و، زانستى و، ئاستى پێشکەوتنى ئەو وڵاتە لە بوارە جیاکان.