وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارى لە کۆنفرانسى ڕێکخراوى سپارک کرد کە تایبەت بوو بەهاوکارى ئەو وڵاتانەى لە مەترسیدان، کە بەناونیشانى (Spark doing Busines in Fragile states) لە ئەمستردام پایتەختى هۆڵندا بەڕێوەچوو.
وەفدەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د.کەریم عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، ئەندامێتى د.محمد سابر بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، د.ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین بون.
لەو کۆنفرانسەدا کە (ماکسیما) شاژنى هۆڵندا و، زیاتر لە (٣٠٠) خەڵکى پسپۆڕو ئەکادیمى و پڕۆفیسیۆر بەشداریان تێدا کرد ماوەى سێ ڕۆژى خایاند و تیایدا گفتوگۆ لەبارەى گەشەپێدانى خوێندنى باڵاو زیادکردنى دەرفەتى کار لە وڵاتانى مەترسى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە پەڕاوێزى کۆنفرانسەکەشدا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەگەڵ شاژنى هۆڵندى کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا، لەو کۆبونەوەیەدا د.کەریم عەبدول دواى ئەوەى سوپاسى ئەو پێشوازیيەى کرد، کورتەیەکى مێژوى و جوگرافى لە بارەى هەرێمى کوردستان پێشکەش بەشاژنى هۆڵندى کرد و، ڕاگەیاند: هەرێمى کوردستان پێنچ ملیۆن و دووسەد کەس دانیشتوانەکەیەتى و نزیکەى دوو ملیۆن ئاوارەشى لە خۆگرتوە، کە زۆربەیان لە بەشەکانى دیکەى عیراقەوە هاتون و بەشێکیشیان ئاوارەى سورین و، وتی ئەوەش بارگرانیەکى زۆرى بۆ هەرێمەکەمان دروست کردوە. بۆیە پێویستمان بە پشتگیرى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکانە هاوکارمان بن بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە. وتیشیى لە نێوان ئەو خەلکانەدا ژمارەیەکى خوێندکار هەیە کە توانیومانە بە شێوازى میواندارى لە زانکۆکانى هەرێم وەریان بگرین، بۆیە پێویستمان بەهاوکارو کۆمەک هەیە. هەر لە قسەکانیدا ڕاوێژکارى وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە چۆنێتى گەشەسەندى خوێندنى باڵا لە کوردستان کرد و داواى پشتگیرى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کرد بۆ زیاتر بەرەوپیشبردنى دۆخى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان.
لەبەرامبەردا شاژنى هۆڵندى خۆشحاڵى خۆى بەو دیدارە دەربڕى و، پشتیوانى خۆشى بۆ هەرێمى کوردستان دوپات کردەوە.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا بۆ هۆڵندا، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى هۆڵندا کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەو کۆبونەوەیەدا د.کەریم عەبدول باسى لە بارودۆخى ڕابردوو ئێستاى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد و وتى: لە دواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى (١٩٩١) تەنها زانکۆى سەڵاحەددین و (٣) پەیمانگەى تەکنیکیمان هەبوو، بەڵام ئیستا ژمارەى زانکۆکان گەیشتون بە (٣٠) زانکۆ، لە ئێستاشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى سەرقاڵى جێبەجێکردنى ڕیفۆرمە لە بوارى خوێندنى باڵا و پەیڕەوکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین و، گرنگیدان بە توێژینەوەى زانستى، لەهەمان کاتدا سەرقاڵى ڕیزبەندیى نیشتمیانیە بۆ زانکۆکان.
لە کۆتا ڕۆژى کۆنفرانسەکەشدا کە بەناونیشانى (هۆڵندا هاوکارى جیهان دەکات) لە شارى لاهاى بەڕێوەچو، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارییەکى چالاکیان کرد.
ڕێکخراوى سپارک ڕێکخراوێکى ناحکومیەو بارةگاى سەرەکى لە هۆڵندایەوە و کار بۆ گەشەپیدانى خوێندنى باڵاو زیادکردنى دەرفەتى کار لە وڵاتانى مەترسى دەکات، لە پێناو چەسپاندنى سەقامگیرى ئابورى لەو وڵاتانە، گرێدانى ئەو کۆنفرانسانەش لەپاڵ چالاکیەکانى دیکەى ڕێکخراوەکە بۆ قسەکردنە لەسەر خویندنى باڵاو ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ گەنجان لەو وڵاتانەو چۆنیەتى هاریکاریکردنیان بۆ تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن، بەشێوەیەک بۆ ئەوەى دواى گەڕانەوەیان بۆ ولاتەکانیان بتوانن خزمەت بکەن و بەشدارى لە بونیادنانەوەى وڵاتدا بکەن.
لە ئیستاشدا ڕێکخراوى سپارکى هۆڵندى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنى پشتگیرى دارایى بۆ ئەو خوێندکارانەى سوریا کە دەیانەوێت لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن و پێشبینى دەکرێت کە ئەو رێکخراوە پشتگیرى دارایى (٤٠٠)خوێندکار بکات بە تایبەتى لە زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان .