بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا، مەراسیمى ڕێزلێنان بەبۆنەى خانەنشین بونى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچو

ڕێزلێنان له‌ سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین1

لەبەرامبەر هەوڵ و ماندوبونەکانى لە ماوەى کارکردنى وەک سەرۆکى زانکۆ،  وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پرۆفیسۆر د. ئەحمەد دزەیی لە ماوەی کارکردنى وەک سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین و ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەت، جێ دەستی لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دیارەو ماندوبون و دەست پێشخەرییەکانى بەرز دەنرخێنین.

پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٠) بە ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مەراسیمى ڕێزلێنان و ماڵئاوایى بەبۆنەى خانەنشین بونى د. ئەحمەد دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین هەولێر، لەسێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى لە شارى هەولێر بەڕێوەچو.

لە مەراسیمەکەدا د. ئارام محمد قادر سوپاس و پێزانینى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى د. ئەحمەد دزەیى کردو ڕایگەیاند: هەوڵ و ماندوبون و بەشداری کاراتان لە خزمەتکردنی کەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان جێگەى دەستخۆشییە، هەروەها وتیشى: لە ماوەی کارکردنتان وەک سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین هەولێر و ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەت، جێ دەستتان دیار بوە بۆ ئەمەش پەرۆشی و ماندوبون و دەست پێشخەرییەکانتان بەرز دەنرخێنین.

هەر لەو مەراسیمەدا کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و لێپرسراوان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستایان و خوێندکاران ئامادەیبون، د. ئەحمەد دزەیى لە وتەیەکدا: سوپاسى هەمو ئەو کەس و لایەنانەى کرد کە هاوکارو پەرۆش بونە بۆ سەرکەوتنى زانکۆى سەڵاحەدین، هەوەرک بەڵێنیشى دا هەمیشە خۆى بە خزمەتکارى زانکۆ و پێشکەوتنى بزانێت.

جێگەى ئاماژەیە پرۆفیسۆر د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى لە ڕێکەوتى (١٠/١١/٢٠٠٩) وەک سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر دەستبەکاربوەو لە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٠) فەرمانى خانەنشین بونى دەرچوە. ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا خەڵات و ڕێزلێنانى لێپرسراوان و مامۆستاو خوێندکارانى پێبەخشراو هیواى سەرکەوتن و تەمەن درێژییان بۆ خواست.