بەئامانجى پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێرى و بەرزکردنەوەى تواناى زانستى مامۆستاو خوێندکاران، لە کۆبونەوەى نێوان وەزیرانى خوێندنى باڵا و کشتوکاڵ، پێکهێنانى بۆردێکى کشتوکاڵى، لە پسپۆڕاى هەردولا تاوتوێکرا.
کۆبونەوەکە ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٥/١١/٢٠١٩) بە سەرپەرشتى هەریەک لە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بێگەر تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، و ئامادەبونى هەریەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى تایبەتمەند، لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕێوەچو.
لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەزیرى کشتوکاڵ و ستافى وەزارەت، وتى: خۆشحاڵم ئەمرۆ قسە لەسەر بابەتێکى گرنگ دەکەین، کە ئەویش بوژانەوەى کشتوکاڵە لەهەرێمى کوردستان، بۆیەش تێگەیشتنێکى گشتگیرمان هەیەو دەمانەوێت بەشە زانستیەکان لەگەڵ پێداوستیەکانى سەردەم و ستانداردە جیهانیەکاندا بگونجێت، لە ئەمڕۆدا قسەکردن لەسەر کشتوکاڵ جگە لەوەى گرنگى تایبەتى هەیە، لەلایەکى تریشەوە لە ڕوى مێژوییەوە کوردستان لانکەى شارستانى کشتوکاڵ بوە. د. ئارام محمد قادر وتیشى: سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بریتییە لەبەرەو پێشبردنى هەرێمەکەمان لە سەرجەم سێکتەرو کەرتەکان، بێگومانیش بەرەو پێش بردنى کەرتى کشتوکاڵیش فاکتەرێکى بەهێزى گەشەکردنى وڵاتەکەمانە.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى وتى: بەئامانجى پەرەپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵ و ئاودێرى و بەرزکردنەوەى تواناى زانستى مامۆستایان و خوێندکاران، پێویستە پێداچونەوە بە رێککەوتنامەى هەردولامان بکەین و لەڕێگەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى هاوبەش دەستنیشانى خاڵە لاوازەکان و پەرەپێدانى کەرتەکە بکەین. وتیشى: بۆ ئەم مەبەستە هاوکارو هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین و بە تاوتوێکردنى بۆردى هاوبەشى نێوانمان زیاتر بەسەر کۆسپ و تەگەرەکان زاڵ دەبین.
لە بەرامبەردا بێگەرد تاڵەبانى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە وتەیەکدا گرنگى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەردو وەزارەتى بە هەنگاوێکى پێویست دانا، بۆ ئەمەش وتى: سەرەڕاى ئەوەى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ و ڤێتەرنەرى پەیوەندى بەردەوام و توندوتۆڵیان لەنێوندا هەیە، بەڵام دەمانەوێت لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیەکانى ترى وەزارەتەکەمان و فەرمانگەو دامەزراوەکان بەردەوامى زیاتر بەو پەیوەندیانە بدەین. لەو چوارچێوەیەشدا پێداچونەوە بە شێوازى کارکردنمان دەبێتە هەنگاوى سەرەکى و گرنگى هەردولامان.
وەزیرى کشتوکاڵ وتیشى دەمانەوێت یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردولا پێداچونەوەى بۆ بکەین بۆ ئەم مەبەستەش پێکهێنانى بۆردێکى کشتوکاڵى هاوبەش دەتوانێت ئەم پەیوەندیانە بەرەو ئاستێکى فراوانتر ببات.
هەر لە وتەکەیدا بێگەر تاڵەبانى سوپاسى پشتیوانى و پشتگیرییەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ کەرتى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش وتى: بۆ پێشخستن و پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵى کوردستان، پێویستمان بە تواناو پسپۆڕى زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەیە.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارو ڕاسپاردەیەک لە پێناو پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەى توانستى زانستى لە نێوان هەردولا تاوتوێکرا.