ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە

NEWSITEM-1719.11.04.2014-KU.jpg

 ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١/٤/٢٠١٤، لە سایتی هاوڵاتی بابەتێک بڵاوکراوەتەوە لە ژێر ناونیشانی (خوێندکارانی تواناسازی: وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوامە لە غەدرەکانی)، ناوەرۆکی ئەم بابەتە بریتییە لە سکاڵای ژمارەیەک لەو کاندیدانەی تواناسازی کە بۆ مەبەستی خوێندنی ماستەر لە زانکۆکانی وڵاتی میسر دەخوێنن و داواکارن موستەحەقاتی داراییان بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ خەرج بکرێت (لە جیاتی دوو ساڵ)، وەزارەتی خوێندنی باڵا بە پێویستی زانی ئەم ڕوونکردنەوەیەی لای خوارەوە پیشکەش بە کاندیدە بەڕێزەکانی تواناسازی وڕای گشتیی بکات:

  1. . بە پێی یاسای ڕاژەی شارستانی (قانون الخدمە المدنیە) ژمارە (١٤) ی ساڵی (٢٠٠٩) هەروەها بەپێی ڕێساو ڕێنماییەکانی بەرنامەی تواناسازی مۆڵەتی خوێندن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق تەنها بۆ ماوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ دیاریکراوە.
  2. لە زۆربەی هەرەزۆری زانکۆکانی دونیا ماوەی خوێندنی ماستەر دوو ساڵە، لە زانکۆکانی هەندێک وڵاتیش (وەک زانکۆکانی بەریتانیا) ماوەی خوێندنی ماستەر تەنها یەک ساڵە. جێگای ئاماژەپێکردنە کە خوێندنی ماستەر بۆماوەی ( سێ ساڵ) تەنها لە وڵاتی میسر پەیڕەو دەکرێت، لە هیچ وڵاتێکی دیکە ماوەی خوێندن لە دوو ساڵ زیاتر نەبووە.
  3. بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە تایبەتە ناوازەیە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەگەڵ دەستەی باڵای بەرنامەی تواناسازی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە گفتوگۆدان بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی خەرجییەکانی خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی سێهەم لە وڵاتی میسرو چاوەڕێی ئەنجامی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێز دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش بەدواداچوونی وەزارەتمان بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا کاندیدە ئازیزەکان و ڕای گشتیی دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بە هیچ جۆرێک (غەدر)ی لە کاندیدەکان نەکردووە بەلكو ئەم کێشەکە پەیوەندیدارە بە سروشتی خوێندنی سێ ساڵەی ماستەر لە وڵاتی میسڕ. لە کاتێک دا خوێندنی دکتۆرا لە هەندێک لە وڵاتانی دونیا دەکرێت بە ماوەی سێ ساڵ تەواو بکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی
١١/٤/٢٠١٤