وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند ڕێکەوتنامەیەکى لەگەڵ زانکۆکانى ئێران ئیمزا کرد

1.jpg

لە چوارچێوەی سەردانی وفدی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، پاش نیوەڕۆى ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٦.٤.٢٠١٦)سەردانی زانکۆی پزیشکی تارانی کرد.

بە گەیشتنى وەفدەکە, لەلایەن د. عەلى جەعفەریان سەرۆکى زانکۆى پزیشکى تاران و ژمارەیەک لە ڕاگری فاکەڵتیەکان بەگەرمى پێشوازییان لێکرا.

زانکۆى پزیشکى تاران کە سەر بە وەزارەتى تەندروستى کۆمارى ئیسلامى ئێرانە و بەیەکێک لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان دادەنرێت, چەندین بەشى زانستى و سێنتەرى توێژینەوەى لەخۆگرتوە، لە میانەى کۆبونەوەشیان لەگەڵ وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستاندا, د.عەلى جەعفەرییان ڕایگەیاند: کە وەزیرى تەندروستى کۆمارى ئیسلامى ئێران ڕایسپاردون پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پتەو بکەن, وتیشى لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەخوازین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە بوارى پزیشکى بەهێز بکەین.

بۆ ئەوەش دوای ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕاکان بۆ چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان پێشنیازیکرد کە نوسینگەیەکى زانکۆى پزیشکى تاران لە زانکۆى سلێمانى بکەنەوە, هەروەک د. سەڵاحەددین سەعید سەرۆکى زانکۆى سلێمانیش ئامادەى زانکۆکەى پیشاندا بۆ هەر جۆرە کارئاسانیەک بۆ کردنەوەى ئەو نوسینگەى زانکۆى پزیشکى تاران لە زانکۆى سلێمانى.

لە بەرامبەردا د.عەلى جەعفەرییان سەرۆکى زانکۆى پزیشکى تاران پێشنیازەکەى بەهەند وەرگرتن و, بڕیارى کردنەوەی نوسینگەیەکی زانکۆکەیانى پەسند کرد و وتى: لە نزیکترین کاتدا نوسینگەیەکی زانکۆکەمان لە زانکۆی سلێمانی دەکەنەوە. وەک لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بۆ کرا ئەرکی ئەو نوسینگەیە چاودێریکردن و بەدواداچونی ئەو ڕێکەوتنامەیە دەبێت, کە پێشتر لە نێوان هەردوو زانکۆکە ئیمزا کرابوو، هەروەک ئەرکێکی دیکەی ئەو نوسینگەیە ئامادەکاری دەبێت بۆ وەرگرتنی خوێندکاران و کردنەوەی کەمپسێک لە زانکۆی سلێمانی.

لەبەرامبەردا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان خۆشحاڵی خۆیان بەو بڕیارە دەربڕی و وتیان کردنەوەی ئەو نوسینگەیە جگە لەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکان، لەهەمان کاتدا دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ زیاتر پتەوکرنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوانمان

لەلایەکى دیکەوە, ئێوارەى ڕؤژى سێ شەممە, ڕێکەوتى (٢٦.٤.٢٠١٦) بەچاودێرى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى دوو ڕێکەوتنامەى ئیمزا کرد.

لە ڕێکەوتنى یەکەمیاندا کە لە نێوان د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و پ. د.محمود فتوحى فەیروز ئاباد سەرۆکى زانکۆى تەکنەلۆجى شەریف ئیمزا کرا تایبەتە ئەنجامدانى کارى زانستى ئەکادیمى هاوبەش بۆ قۆناغەکانى خوێندنى (بەکالۆریۆس, ماستەر, دکتۆرا)، هەروەک بەپێى ڕێکەوتنەکە ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى و سمینارى نێودەولەتى هاوبەش و سود وەرگرتن لە مامۆستایانى هەردوو زانکۆ بڕیاریان لەسەر دراوە, لەهەمان کاتداو وەک لە دەقى ڕێکەوتنامەکەدا هاتوە زانکۆى تەکنەلۆجى شەریف هاوکاری زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەکات بۆ کردنەوەى بەشى زانستى لە بوارە ئەندازیارییەکاندا, بڕیار لەسەر ئەوەش درا کە لە ڕێگەى لێژنەیەکى هاوبەشەوە کار بکریت بۆ کردنەوەى بەشێک لە کامپسى زانکۆى تەکنەلۆجیاى شەریف لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلیمانى بۆ پیدانى بڕوانەمەى هاوبەش لە خوێندنى بەکالۆریۆس.

لەلایەکى دیکەوە و هەر لە میانەى کۆبونەوەکانى وەفدى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەچاودێرى و ئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى, د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕێکەوتنامەیەکى لەگەڵ پ.د. مەسعود شافعى سەرۆکى زانکۆى تەکنیکى و پیشەى ئێران ئیمزا کرد, بەپێى ڕێکەوتنامەکە هەردوو زانکۆ ڕێکەوتون خولى ڕاهێنانى پیشەیى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەشێوازى هاوبەش لە بوارەکانى تەکنیکى ئایتى و تەکنیکى میکانیک و تەکنیکى کارەباو ئەلکیترۆن تەکنیکى چاکردنەوەى ئۆتۆمبیل و ئامیرى ساردکەرەوەو گەرمکەرەوە بکەنەوە. هەر بەپیى ئەو ڕێکەوتنامەیە خولەکانى ڕاهێنان جۆراو جۆر دەبن  لە (سێ مانگ بۆ ١٢ مانگ) دەبێت, هەروەک بڕوانامەى نێودەوڵەتى پێشکەش بەفێرخوازان دەکرێت, ئەو خولانەش کە دەکرێنەوە بۆ دەرچوانى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەبێت, هەروەک لە ڕێگەى لێژنەیەکى هاوبەشى نێوان هەردوو زانکۆ بۆ کەسانى دەرەوەى زانکۆ بەپێى بەرنامەیەکى تایبەت ئامادە دەکرێتەوە.

سەبارەت بەو ڕێکەوتنامەیە د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕایگەیاند: بەپێى خولەکان خوێندکاران فێرخوازان بۆ بازارى کار ئامادە دەکات, بەشێوەیەک پسپۆڕییەکانیان لەگەڵ پێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان بگونجێت, ئەوەشى ڕونکردەوە کە بەدەستهێنانى ئەم بڕوانامانە کە بڕوانامەیەکى نێودەوڵەتى دەبن, دەبێتە پاڵپشتیەکى گرنگ بۆ خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان. ئاشکراشیکرد کە خولەکانى ڕاهێنان لە تاقیگەو وەرشەکانى پەیمانگە تەکنیکەکانى سەر زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەسەرپەرشتى مامۆستاى پیشەیى و تەکنیکى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر لە هەردوو زانکۆ بەڕێوەدەچێت.