هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان دەستپێدەکات

5 (1).jpg

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى هەرێم هەنگاوەکانى دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە گفتوگۆیەکى کراوەدا باس لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانى بەردەم جێبەجێکردنى پڕۆژەکە کرا.

 ئەمڕۆ ڕێکەوتى (٢٢/٤/٢٠١٥) بەئامادەبوونى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و، د. ئیبراهیم سمۆ سەرۆکى لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە پاڕلەمانى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەناونیشانى (بەرزراگرتنى ئاستى زانست لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان) د.شیروان نورى بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین تیشکى خستە سەر هەنگاو، ڕێگەکانى بەردەم جێبەجێکردنى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لەوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەنجامدانى پڕۆژەى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان پڕۆژەیەکى گرنگى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پشتگیرى تەواوى خۆى بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاندوە، بەو پێیەى پڕۆژەکە پاڵپشتێکى گەورەیە بۆ پڕۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانست لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، وتیشى هەنگاوەکانمان بۆ سەرخستنى پڕۆژەکە دەستپێکردەوە و بەردەوام دەبێت، چونکە زانکۆکانى کوردستان پێویستیان بە دوبارە ڕیفۆرم هەیە بۆ خزمەتکردنى زیاترى بوارى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

دواتر د. شێروان نورى بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى ئامێرى داتاشۆ تیشکى خستەر سەر خاڵە بەهێزەکانى ڕیزبەندى نیشتیمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان، کە دەبێتە هۆى دروستبونى پێشبڕکێ و بەرزڕاگرتنى ئاستى زانست لە نێوان زانکۆکان و خوێندکاران، هەروەها دروستکردنى کەلتورى شەفافیەت لە زانکۆکان و هاندانى خوێندکارى بەتوانا بۆ بەدەستهێنانى زەمالەى خوێندن لە زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهاندا.

هەر لە سیمنارەکەیدا بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین لەپاڵ دەستنیشانکردنى خاڵە بەهێزەکان تیشکیشى خستە سەر خاڵە  لاوازەکان، کە پێویستى بە پێداچوونەوە لەڕوى کۆکردنەوەى داتاکان و دۆکیۆمێنتکردنیان بەشێوەیەکى زانستى و بەهێزکردنى پڕۆسەى دڵنیایى جۆرى لە زانکۆکان هەیە، وتیشى بۆ سەرخستنى پڕۆژەکە پێویستە بودجەى تایبەت و دادوەرى لەکاتى هەڵسەنگاندن و داتابەیسى تایبەت و، کەسانى پسپۆر و بەتوانا بۆ بەرێوەبردنى داتابەیس دیارى بکرێن.

لەبەشێکى ترى باسەکەیدا بەڕێوەبەرى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین باسى لە گرنگى ڕیزبەندى زانکۆکان کرد، کە پاڵنەرێکە بۆ پڕۆسەى چاکسازى لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش وتى پێویستە ڕێگە بگرین لەو هۆکارانەى کە دەبنە هۆى مەترسى لەسەر پڕۆژەکە بەتایبەت پەسەندنەکردنى دەرەنجامەکان لەلایەن زانکۆکان و پێدانى داتاى ناتەواو.

لەبارەى دانانى پلان و بەرنامه بۆ بەرز ڕاگرتنى ئاستى زانست له زانكۆكان و جێبەجێکردنى ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکان،  د. شێروان نورى پەنجەى خستەسەر چەند خاڵێک، لەوانە پتەوکردنى پەیوەندى نێوان مامۆستا و خوێندکار و دروستکردنى هەماهەنگى لە نێوان زانکۆکان و نوێکردنەوەى بەرنامەکانى خوێندن و، بەهێزکردنى زمانى ئینگلیزى و پەرەپێدانى دڵنیایى جۆرى و پەرەپێدانى ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و گرنگیدان بە سیستەمى کارکردن، وتیشى بونى شوێنى گونجاو بۆ زانکۆ و دروستکردنى کەمپى تایبەت فاکتەرە بۆ پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکان.