وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بەشێک لەکێشە دارايیەکانى زانکۆى هەڵەبجە چارەسەر بکات

وه‌زیری خوێندنی باڵا سه‌ردانی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەسەرکردنەوەى زانکۆى هەڵەبجە، بڕیاریدا بەشێک لە کێشە دارایيەکانى زانکۆ چارەسەربکات، دوپاتیشیکردەوە ئەوەى لەتواناماندا بێت درێغى ناکەین بۆ ئەوەى قەرەبوى بەشێکى لە خەمى هەڵەبجەییەکان بدەینەوە.

لەدرێژەى بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگادرابوون و گوێگرتن لە زانکۆکان لە هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٨/٢٠١٩) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى هەڵەبجەى بەسەرکردەوەو بەشدارى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجەى کردو لە کۆبونەوەکەدا بڕیارى چارەسەرى کێشە پێویست و هەنووکەییەکانى زانکۆكەى دا.

لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە کە هەریەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و ڕاگرى کۆلێژەکانى زانکۆى هەڵەبجە ئامادەی بوون، د. دانا عەبدوڵا سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەفدى وەزارەتى کردو سەردانەکەی بە گرنگ وەسفکرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە ڕەوشى خوێندنى باڵا لە هەڵەبجەو گوێگرتن لە کێشەو گرفتەکانى زانکۆ و چارەسەرکردنیان، هەروەک ئاماژەشى بە زیادبونى چالاکییە زانستییەکانى زانکۆ کرد بەتایبەت بەرزبونەوەى ڕێژەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەکان.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: مەبەستى سەرەکیمان بۆ سەردانى هەڵەبجەو بەشداریمان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆ، بریتیە لە گوێگرتن لە کێشەو گرفتەکانى زانکۆ و هەوڵدان بۆ دانانى میکانیزمێکى گونجاو بۆ چارەسەرى کێشەکانى زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت ئەو کێشانەى لە دەسەڵاتماندایە، بۆ ئەمەش لە وەزارەتەوە درێغى ناکەین بۆ خزمەتکردن بە خەڵکى هەڵەبجە، بۆ ئەوەى لەئاست ئەو زوڵم و ستەمانەى لەسەردەمى ڕژێمى بەعس لەو شارە کراوە، بتوانین بەخزمەتکردن بە هەڵەبجە کەمێک لەو ئازارە کەم بکەینەوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى بۆ من و هەموانیش هەڵەبجە مێژویەکى گرنگ و پێگەیەکى پر بایەخى بۆ گەلەکەمان هەیە، بۆیە هەرچیمان بۆ بکرێت ناتوانین بە تەواوەتى قەرزى هەڵەبجە بدەینەوە، بۆ ئەمەشە درک بە ماندووبن و هەوڵى مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆکەتان دەکەین و لەوە تێدەگەین کە هەوڵ بۆ پێشخستنى زانکۆکەتان دەدەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت باشتر لە رابردوو بەردەوام بین لە پێشخستنى زانکۆى هەڵەبجە، بۆیە ئەرکى هەموومانە بایەخى زیاتر بە زانکۆى هەڵەبجە بدەین و هەوڵ بۆ پێشخستنى توانا زانستى و ئەکادیمییەکانى زانکۆ بدەین.

هەر لە وتەکەیدا لەبەردەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، د. ئارام محمد قادر تیشکى خستە سەر ڕەهەندى نێودەوڵەتى شارى هەڵەبجەو بۆ ئەم مەبەستەش وتى: شارى هەڵەبجە بەهۆى قوربانییەکانى شارێکە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى خاوەن پێگەی تایبەت بەخۆیەتى، بۆیە ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەدڵ و بەگیان هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەى زانکۆى هەڵەبجەش بکەین بە زانکۆیەکى نێودەوڵەتى و لەسەر ئاستى جیهانى خاوەن پێگەیەکى گرنگ بێت لە نەخشەى ئەکادیمى جیهانى.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و، سەرجەم ڕاگرەکانى زانکۆى هەڵەبجە، پێشنیازو بۆچونى خۆیان لەبارەى کاروبارەکانى پەیوەست بە زانکۆ و پلانى کاکردن و داواکارییەکانیان خستەڕو. 

هەر لە پەراوێزى سەردانەکەیدا بۆ زانکۆى هەڵەبجە، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە نزیکەوە لەگەڵ ژماریەک لە مامۆستاو خوێندکاران کۆبۆوەو لە داواکارى و پێداویستییەکانى کۆڵییەوەو بەپێى یاساو ڕێنماییەکان بڕیارى چارەسەرکردنى پێدان.