وەزیرى خوێندنى باڵا بەشدارى لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى سەڵاحەدین کرد

وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پەیامێکدا بۆ مامۆستا و ئەکادیمسیت و خەمخمۆرانى کەرتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: پەیامى ئێمە درێژەپێدان و ڕەخساندنى زەمینەى لەبارە بۆ داهێنان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى، بۆ ئەمەش پێویستمان بە زەمینەى زیاترى سەربەخۆى زانکۆکان هەیە.

ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٩) لەمیانى بەشداریکردنى هات لە کۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى زانکۆى سەڵاحەدین/هه‌ولێر، کە بە ئامادەبونى هەریەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ڕاگرانى کۆلێژەکانى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.

ئەنجومەنى زانکۆى سەڵاحەدین کۆبۆوە

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئەحمەد ئەنوەر دزەیى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین لە وتەیەکدا بەناوى ئەنجومەنى زانکۆ بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى کرد و، سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا-ى کرد لە یەکەم وێستگەى سەردانەکانیدا زانکۆى سەڵاحەدین بەسەر دەکاتەوە، کە ئەمەش مایەى شانازیەکى گەورەیە، ڕاشیگەیاند بەهەمان گڕوتینى جاران و زیاتر بەڵێن دەدەین بەردەوام بین بۆ سەرخستنى کارو پرۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پشتیوانى بەهێزى جێبەجێکردنى سیاسەت و ستراتیژى وەزارەت دەبین.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا سوپاسى سەرۆکى زانکۆ و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى سەڵاحەدینى کرد بەبەشدارى لەگەڵیان لەیەکەم دیدار و چاوپێکەوتنى رەسمی لەدەرەوەى وەزارەتدا، وتیشى: زانکۆى سەڵاحەدین پێگەیەکى گرنگى هەیەو لەم زانکۆیەدا لە پێش ڕاپەڕین و دواى ڕاپەڕین کارو دەستکەوتى یەکجار گەورە بەدەستهاتووە، بۆیە سوپاسى هەموو ئەو سەرۆک زانکۆ و راگر و سەرۆک بەشانە دەکەم کە لە ڕابردوو تا ئێستا شەونخونیان کردوەو ماندوبون بۆ گەیشن بەو ئاستەى ئێستاى زانکۆ.

پەیاممان درێژەپێدان و ڕەخساندنى زەمینەی لەبارە بۆ داهێنان و گەشەپێدان

د. ئارام محمد لە ڕێگەى ئەنجومەنى زانکۆى سەڵاحەدین پەیامى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى سەرجەم مامۆستا و ئەکادیمسیت و خەمخمۆرانى کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان کردو ڕایگەیاند: پەیامى ئێمە درێژەپێدان و ڕەخساندنى زەمینەى لەبارە بۆ داهێنان و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و خزمەتگوزارى لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، وتیشى: لە ڕابردو پرۆژەو خزمەتى باش لە کەرتى خوێندنى باڵا ئەنجامدراوە، بەڵام بۆ پەرەپێدانى ئەو پرۆژانە و جێبەجێکردنى پرۆژەى گرنگ و ستراتیژى دیکەى کە پێویستى هەنوکەیى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستانە، بەپێى تواناکانى وەزارەت کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین.

بۆ پێشخستن و گەشەپێدان و کرانەوەى زانکۆکانتان بەردەوام بن

لەبارەى پلانى چوار ساڵى کارکردن، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بە هەوڵى ئێوەو دامەزراوەکانى دیکەى خوێندنى باڵا دەستکەوتى گەورە بەدەستهاتووە، هه‌ربۆیه‌  لەپلانى چوار ساڵى وەزارەتدا داوامان لە زانکۆکان کردوە رۆڵ و پێگەى دیارو بەرچاوتان هەبێت لە پێشکەشکردنى ڕاو سەرنج و پێشنیازى بەسود بۆ ئەوەى لەچوار ساڵى داهاتوو خشتێک بخەینە سەر دیوارى کارەکان و مەڵۆیەک بخەینە سەر خەرمانى دەسکەوتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

لەبارەى پلانى چوار ساڵى کارکردن و ڕەخساندنى زەمینەسازى بۆ جێبەجێکردنیان، د. ئارام محمد ڕایگەیاند: جێبەجێکردنى کارو پرۆژەکان پێویستیان بە سەربەخۆیى زیاترى دارایى و کارگێڕى زانکۆکان هەیە، بۆ ئەمەش لەدواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆمان لەبارەى سەربەخۆى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردوەو، بۆیە داواتان لێدەکەم بۆ پێشخستن و گەشەپێدان و کرانەوەى زانکۆکانتان بەردەوام بن و ئێمەش هاوکارتان دەبین بۆ پەرەپێدانى زیاترى زەمینەى سەربەخۆیى لەڕووى کارگێڕى و دارایى.

پێویستە زانکۆکان شوێنى داهێنان و خزمەتکردن بێت

سەبارەت بە سیاسەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محمد دوپاتیکردەوە سیاسەتى ئێمە کرانەوەو هاوکارى کردنە لەگەڵ سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان، بۆیە دەبێت هەموان بە یەک تیم کاربکەین بۆ ئەوەى سێکتەرى خوێندنى باڵا پێشبخەین، بۆ جێبەجیکردنى ئەو ئامانجانەش دەرگاى وەزارەته‌كه‌مان واڵا کردوە بە ڕووى مامۆستایانى زانکۆ و دامەزراوەکان، بۆ ئەوەى زانکۆکان شوێنى داهێنان و بەرەو پێشبردنى ئاستى ئەکادیمى و زانستى بن.

کەمپى زانکۆ پێویستی بنەڕەتى ژینگەى لەبارە بۆ داهێنان

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى کەمپى زانکۆکان ڕایگەیاند: کەمپى شیاو بۆ زانکۆ زەرورەتى بنەڕەتین و ژینگەیەکى لەبارە بۆ داهێنان و پێشکەوتن لە زانکۆکان، بەڵام باڵەخانەو ژێرخانى زانکۆکان پێویستیان بە چاککردن هەیە، هیوادارین کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەجدى کار بۆ ژێرخان و ستراکچەر و تاقیگەو ژینگەى خوێندن بکات و لە ئەولەویاتى کارو پرۆژەکانیدا بێت، بۆ ئەوەى زانکۆکان لە ژینگەیەکى لەبار کار بۆ داهێنان و پێشکەوتنى زانستى و بەهێزکردنى رەهەندى نێودەوڵەتى بکەن.

پێشنیازى بەسود پێشکەش کران

له‌به‌شێكی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و ڕاوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی وه‌زاره‌ت راو بۆچوون و سه‌رنج و تێبینیه‌كانیان بۆ چوار ساڵه‌ی كارکردنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستى خسته‌ڕوو، هاوكات چه‌ندین سه‌رنج و پێشنیازو داواكاریان بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كان و باشتركردنی ژێرخانی خوێندن له‌زانكۆكان پێشكەشى وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ستافی وه‌زاره‌ت كرد.