دواى نوسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزیران بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار بۆ تواناسازى تەرخاندەکات

چه‌كی پاره‌

لە دوو نوسراوى جیادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى کردبوو بۆ دابینکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى، لە بەرامبەردا سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار بۆ تواناسازى.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند وەزارەتەکەمان بە نوسراوى ژمارە (٥١٦٦) لە ڕێکەوتى (٣/٤/٢٠١٩) ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنحومەنى وەزیران کرد بۆ دابینکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و ده‌رچوانی تواناسازى، ئەوانەى بەردەوامن لە خوێندن و ئەوانەشى خوێندنیان بەسەرکەوتوى تەواو کردوە، دواتریش لە نوسراوێکى دیکەیدا بە ژمارە (٨٤٩٣) لەڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٩) وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رونکردنەوەى پێویستى ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد لەبارەى خەرجکردنى شایستەى دارایى بۆ خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: دواى نوسراوى وەزارەتەکەمان، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى، بە تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە بەشێک لە کێشەى خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى چارەسەردەبێت.

عەباس ئەکرەم وتیشى: وابڕیارە دواى تەواوبونى ڕوشوێنە پێویستەکان وەک قۆناخەکانى پێشوو دەستبکرێت بە دابەشکردنى ئەم بڕە پارەیە بەسەر خوێندكاران و دەرچوانى تواناسازى.