لە ڕۆژى ئاڵادا، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا مەراسیمێک بەڕێوەچوو

رۆژی هه‌ڵگردنی ئاڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: گەلى کورد لەپێناو ئازادی و ئاڵای پيرۆزى كوردستان دەیان هەزار شەهید و ئەنفالى لە مێژوى ڕزگارى خوزاى گەلەکەمان بەخشیوە و، هەمیشەش گیانفیدا بوە لەپێناو پاراستنى ئەم ئاڵایە، وتیشى: ئێمە میللەتێکى زیندوین و لەسایەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان دەیان دەسکەوتمان بەدەستهێناوە.

 ئەم وتانەى (د.یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانەى بەڕێوەچونى مەراسیمێکدا هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (17/12/2018) لە ڕۆژى ئاڵادا لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو .

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان و فەرمانبەرانى  وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، مەراسیمەکە بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەلایەن (د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى) دەستى پێکرد.

 لەمیانى پێشکەشکردنى وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەمرۆ ڕۆژێکى پیرۆزە لە مێژوى گەلەکەمان، بۆیەکەم جار لە مێژودا و لە ڕێکەوتى (١٧/١٢/١٩٤٥) لە شارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکرا، وتیشى: ئێمە ئەمڕۆ هەمومان ڕاوەستاوین بۆ بەرزڕاگرتنى ئەم ئاڵایە. د.یوسف گۆران وتیشى : گەلى کوردستان لەپێناو ئازاددی و ئاڵا دەیان هەزار شەهید و ئەنفالى لە مێژوى ڕزگاریخوزاى گەلەکەمان بەخشیوە و، هەمیشەش گیانفیدا بوە لەپێناو پاراستنى ئاڵاى کوردستان. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: ئێمە میللەتێکى زیندوین و لەسایەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان دەیان دەسکەوتمان بەدەستهێناوە و، کارمانە لەژێر پەرچەمى ئەم ئاڵایە خزمەتى زیاتر پێشکەش بکەین، ئەوەشى ڕاگەیاند: گەلى کورد خاوەنى مێژویەکى درەوشایەو هەمیشەش ڕۆڵەکانى لەپێناو خاک و ئاڵاى کوردستان ئامادەى گیانبازى و قوربانیدان بونە.

لە کۆتایى وتەکانیشدا (د.یوسف گۆران) وتى: لە ڕۆژى ئاڵادا پیرۆزبایی لە هەر چوار پارچەى کوردستان دەکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەى کە ناتواندرێت بەئازادى ئەو یادە بکەنەوە و، ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕابگرن.

پاڕلەمانى کوردستان لە ڕێکەوتى (١٧/ ١٢/٢٠٠٩) لەکۆبونەوەیەکیدا ئەم ڕۆژەى بە ڕۆژى ئاڵاى کوردستان دیاریکرد، لەو کاتەوە هەمو ساڵێک لە سەرجەم شارو شارۆچکەکان و دەزگا و دامەزراوە جکومیەکان مەراسیم و سمینار و چالاکى جۆراوجۆر و تایبەتى بۆ رێک ئەخرێت و شوێنه‌ گشتییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ ئاڵای كوردستان دەڕازێندرێنه‌وه‌.