به‌شه‌كانی یاسا لە زانكۆكانى كوردستان سوود لە ئه‌زمونی فه‌ره‌نسا وەردەگرن

یاسا

بۆ به‌شداريكردن و ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ك وۆركشۆپی زانستی سه‌باره‌ت به سیستمی‌ بۆلۆنیا پرۆسێس و خوێندنی یاسا له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌ی باڵای دانانى ڕیفۆرمى پرۆگرام و پلانی سیستمی پێنج ساڵی خوێندنی یاسا له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی‌ به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسان.

لیژنه‌ی باڵای دانانی ڕیفۆرمى پرۆگرام و پلانی سیستمی پێنج ساڵی خوێندنی یاسا له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی كۆلێژی یاسای زانكۆی (نانت)یان كردو له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی (نانت)ی وڵاتی فه‌ره‌نسا‌ پێشوازیان لێكرا، له‌و سه‌ردانه‌یاندا له‌لایه‌ن به‌شی یاسا له‌ زانكۆكه‌ وۆركشۆپێك سه‌باره‌ت به‌ سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس و شێوازی خوێندنی به‌شه‌كانی یاسا له‌و زانكۆیه خرایه‌ڕوو، به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و له‌لایه‌ن پسپۆڕانی زانكۆكه‌ گرنگی جێبه‌جێ كردنی سیستمه‌كه‌یان ڕوون كرده‌وه‌.

هاوكات و بۆ هه‌مان مه‌به‌ست لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ردانی زانكۆی (نانتێر)ی فه‌ره‌نسایان كرد و له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی زانكۆ و راگرایه‌تی كۆلێژی یاساو زانسته‌ سیاسیه‌كان زانكۆی (نانتێر)ه‌وه‌ پێشوازی له لیژنه‌ی باڵای دانانی پرۆگرام و پلانی سیسته‌می پێنج ساڵی خوێندنی یاسا كرا، و به‌شداریان له‌ وۆركشۆپێك كرد كه‌ له‌لایه‌ن زانكۆی (نانتێر)ی وڵاتی فه‌ره‌نسا سه‌باره‌ت به‌ سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس له‌ زانكۆی (نانتێر) به‌ گشتی و خوێندنی یاسا به ‌تایبه‌تی ڕێكخرابوو.

له‌ میانه‌ی سه‌ردان و به‌شداریكردنیان له‌و كۆبوونه‌وه‌ زانستیانه‌دا لیژنه‌ی باڵای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ پسپۆرانی بواری بۆلۆنیا پرۆسێس و پسپۆرانی بواری یاسا ڕاو و سه‌رنج و بۆچونه‌كانیان ئاڵوگۆر كرد له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چوونه‌ ناو سیستمی بۆلۆنیا پرۆسێس به‌ فه‌رمی و ورده‌كاری جێ به‌جێكردنی له‌ پسپۆری یاسا و راده‌ی گونجاندنی له‌گه‌ڵ سیسته‌می نوێی خوێندنی یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاسته‌نگه‌كانی.

 

دوا وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی لیژنه‌ی باڵا بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا به‌ مه‌به‌ستی ئاشنا بوون به‌كارو رۆڵیان و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كۆلێژه‌كانی یاسا، سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت(مجلس الدوله‌)ی وڵاتی فه‌ره‌نسایان كردو له‌لایه‌ن راوێژكاران و گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌و ئه‌نجومه‌‌، كارو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌‌تیان بۆ لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و گرنگی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ناو پێكهاته‌ ده‌ستوریه‌كانی فه‌ره‌نسا رونكرده‌وه‌.