بۆ یەکەمجار هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى(Education First) بۆ هەڵسەنگاندنى توانستى زمانی ئینگلیزی

تاقیكردنه‌وه‌ی  (Education First) به‌ڕێوه‌چوو

بۆ یەکەم جار لە مێژوى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پرۆسەى هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەم لە ژماریەک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراو بەم تاقیکردنەوەیە هەرێمى کوردستان دەچێتە سەر نەخشەى جیهانى (Education First) بۆ هەڵسەنگاندنى توانستى زمانى ئینگلیزى.

ئەنجامدانى تاقيكردنەوەى هەڵسەنگاندنەکانی ئاماژەی توانستی زمانی ئینگلیزی لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرپەرشتى    (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى لێدرا، کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی توانستی زمانی ئینگلیزى ئەنجام دەدرێت کە لەلایەن دامەزراوەی (Education first) سەرپەرشتی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش بێ بەرامبەرەو لە ڕێگه‌ی ئۆنلاین و لەناو زانکۆکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

لەبارەى گرنگى بەڕێوەچونى ئەم تاقیکردنەوەیە لە زانکۆکانى کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٢١/٥/٢٠١٩ د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى کۆبونەوەى رۆژانەى وەزارەت ڕایگەیاند: لە ئه‌مڕۆ  بە دواوە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی هەڵسەنگاندنی توانستی زمانی ئینگلیزی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە ڕێگه‌ی بەشداریکردنی مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیانی  زانکۆکانی کوردستانە لەو تاقیکردنەوە ستانداردە، بەو پێیەى زمانی ئینگلیزی زمانی زانست و بزنس زمانی گەیشتنە بە سەرچاوە زانستییە ئاستبەرزەکان. و زمانی پەیوەندی و هەماهەنگیە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئەکادیمی نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ك زمانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی توێژینەوەی زانستیە.

 

د.یوسف گۆران داواشی لە هەموو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکان كرد کە بەشدار بن لەم تاقیکردنەوە، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: بەشداریکردن لەم پرۆسەیە وەک تاقیکردنەوە سەیر نەکەين، دەرچون و دەرنەجوون لەم تاقیکردنەوەیەدا نیە بەڵکو ئەم پرۆسەیە هاوکارمان دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە کێشەو کەموکورتییەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی تێبگەین و هاوکارمان دەبێت بۆ دانانی ستراتیجی نیشتیمانی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی توانستی زمانی ئینگلیزی و چەسپاندنی وەک زمانی دووەم لە نێو دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا.

 

لەو چوارچێوەیەداو سەبارەت بە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى تاقیکردنەوەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەچاودێرى (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەسەرپەرشتى (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا، هەریەک لە (د. کاوە شێروانى) سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و (م. فوئاد عەلى سمایل) جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان، سەردانى هۆڵى تاقیکردنەوەکانى زانکۆى پۆلیتەکینکى هەولێریان کردو لەنزیکەوە لە چۆنیەتى بەرێوەچونى تاقیکردنەوەکانیان کۆڵیەوە، بەو پێیەى کە دامەزراوەى (Education first) هەڵسەنگاندن بۆ نزیکەى (٨٠) وڵات کە زمانى ئینگلیزى وەک زمانى دوەمیانە دەکەن.

 

لە وتەیەکدا م. فوئاد عەلى باسێکى لەبارەى بەڕێوەچونى تاقیکردنەوەکە کردو ڕایگەیاند پرۆسەکە بەشێوەیەکى ئۆنلاین بۆ ماوەى دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و لەئێستادا بەشێکى زۆر لە زانکۆکانى کوردستان بەردەوامى هەیە.

وتیشى: دواى هەڵسەنگاندنەکە خودى سێنتەرەکانى زمان هەڵسەنگاندن لەسەر کاریگەرى زمانى ئینگلیزى لەسەرجەم سێکتەرەکانى تەندروستى، کۆمەلایەتى، ئابورى، ئاستى رۆشنبیرى دەکەن.  تاقیکردنەوەکانیش دەرچون و کەوتنى تیادانیەو ماوەى نزیکەى یەک سەعات دەخایەنێت.

لەبارەى ئامادەکارى زانکۆکان بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە، دوپاتیکردەوە لە ئێستادا لە بەشێکى زۆرى زانکۆکانى کوردستان سێنتەرو پێداویستیەکانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتیان دابینکردوەو رۆژانە مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان بەشێوەیەکى بەرچاو بەشدارى لە تاقیکردنەوەکان دەکەن.

 

جێگەى ئاماژەیە دامەزراوەی (Education First) یەکێکە لە دامەزراوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان و سەرپەرشتى ئەم تاقیکردنەوەیە دەکات، لە ماوەی ٥٠ ساڵی ئەزمونی کارکردنیاندا گرنگی بە فێربوون و ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی دەدەن و خاوەنی ڕاپۆرتی بەناوبانگن، (English Proficiency Index) ساڵانە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی زمانی ئینگلیزییەوە ئاستی توانستی زمانی ئینگلیزی زياتر لە (٨٠) وڵاتی دونیا هەڵدەسەنگێنن و دواتر داتاکانی توانستی زمانی ئینگلیزی دەبەستنەوە بە ئاماژەکانی گەشەکردنی  ئابووری و گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە و پەرەپێدانەوە.