له دیدارێكی نێوان د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، میكلۆس سابۆ كونسڵی گشتی هه‌نگاریا له هه‌رێمی كوردستان، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، ڕێكه‌وتی (13/2/2019) به‌ئاماده‌بونی د.محمد حسێن سه‌رۆكی ده‌زگای سه‌رپه‌رشتی و دڵنیایی جۆری له دیوانی وه‌زاره‌ت به‌ڕێوه‌چو، گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، میكلۆس سابۆ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباره‌كانی كونسڵی گشتی سوپاسی ئه‌و پێشوازی و میواندارییه‌ی كرد و باسی له سكۆلهرشیپی هه‌نگاریا كرد، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌پێیی ڕێكه‌وتنامه‌ی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی توانسته مرۆییه‌كانی هه‌نگاریا پێشكه‌ش به‌خوازیارانی خوێندنی باڵا له كوردستان ده‌كرێ، وتیشی به‌ناوی كونسڵگه‌ری هه‌نگاریا سوپاسی ئه‌و هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌مان هه‌تانه، له‌هه‌مان كاتدا میكلۆس سابۆ باسی له‌و هاوكارییه كرد كه له نێوان زانكۆكانی هه‌نگاریا و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
له به‌رامبه‌ردا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی دوای به‌خێرهێنانی وه‌فدی میوان، به‌گرنگیه‌وه باسی له گرنگی سود وه‌رگرتن له‌و سكۆلهرشیپانه كرد و، ڕایگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان به‌پێیی پێویستی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و بازاری كاری كوردستان ئه‌و پسپۆڕیانه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین، كه ده‌خوازن له چوارچێوه‌ی ئه‌و سكۆلهرشیپهدا له هه‌نگاریا بخوێنن، هیواشی خواست هه‌نگاریا ده‌رفه‌تی خوێندن له بواری سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بڕخسێنن بۆ گه‌شه‌پێدانی توانا سه‌ربازییه‌كانیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، د.یوسف گۆران وتی: ئێمه زۆر خۆشحاڵین به‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی كه له نێوانمان هه‌یه، وتیشی ئاگاداری پشتگیرییه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌رۆكی وڵاتهكهتانین بۆ هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاكان.
وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ته‌رخانكرد بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتننامه و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌یانه، بۆ ئه‌وه‌ش وتی: وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئوردون و ئا‌ڵمانیا و كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری میللی چین و هه‌نگاریا وڵاتانی دیكه ڕێككه‌وتنامه‌ی هه‌یه، هیواشی خواست ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌نگاریا هه‌یانه به‌رده‌وامی پێ بدرێ به‌تایبه‌ت له بواری زانسته سه‌ربازی و ستراتیجیه‌كان، ئه‌وه‌ش له پێناو پێگه‌یاندنی كادیری كارا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه سه‌ربازی و ئه‌منیانه‌ی له‌ناوچه‌كه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی زیاتری په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی هه‌نگاریا كرا به‌تایبه‌ت له بواری خوێندنی باڵا و سود وه‌رگرتن له ئه‌زمونی ئه‌و وڵاته بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان.