هەفتەى داهاتو بڕیار له‌باره‌ی شێواز و پلانى وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندن دەدرێت

كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا تایبه‌ت به‌پلانی وه‌رگرتن

لەکۆبونەوەیەکدا بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى شێواز و پلانەکانى وەرگرتنى خوێندکاران/قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكه‌وتی (٥/٢/٢٠١٩) بەسەرپەرشتى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا  و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى ڕاوێژکار و بەرێوەبەرانى گشتى وەزارەت، لە کۆبونەوەیەکدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بەوەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (۲۰۱۹-۲۰۲۰) گفتوگۆى لەبارەوە کرا، هەروەک چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایەڕو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە بۆ دانرا.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسێکى لەبارەى سیاسەت و بەرنامەى وەزارەت و دامه‌زراوه‌كانی خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى پێشکەش کردو، دوپاتیکردەوە ئامانج لەم کۆبونەوەیە دانانى میکانیزم و پلانى وەرگرتنە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک پلانەکان هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستى زانکۆ و پەیمانگەکان و پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا هەفتەى داهاتو لە کۆبونەوەیەکى لێژنەى باڵاى وەرگرتن شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە پلانى وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (۲۰۱۹-۲۰۲۰) گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدرێت.