ڕوونکردنەوەیەک لە پرۆژەی زانکۆلاینەوە

بڕیارە لە ڕۆژی هەینییەوە ڕێکەوتی ٢٣/٩/٢٠١١ دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پرۆژەی زانکۆلاین بکرێتەوە. پێویستە لە ئێستاوە پێشکەشکاران بە وردی ڕێنماییەکانی پرۆژەکە بخوێننەوەو سەیری ئەو ڕێنماییە ڤیدیۆییانە بکەن کە لە ڕێگای ماڵپەری سەرەکی پرۆژەی زانکۆلاین (gozanko.info) ـەوە بڵاوکراونەتەوە. هاوکات پێویستە پێشکەشکاران ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  1. لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردنی داواکاری پرۆژەی زانکۆلایندا بۆ نووسینی کوردی دەبێت تەنها ڕێنووسی یونیکۆد بەکاربهێنن ‌چونکە سیستەمی ئەنتەرنێتی جیهانی لەسەر بنەمای یونیکۆدە. بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی چۆنیەتی دابەزاندن و بەکارهێنانی ڕێنوسی یونیکۆد تکایە سەردانی ماڵپەڕی سەرەکی پرۆژەی زانکۆلاین (gozanko.info) بکەن، یان دەتوانن لەڕێگای سەردانی نزیکترین مەڵبەندی ڕاوێژکاری لە سنووری دەڤەرەکەت زانیاری و رێنمایی پێویست وەربگریت.
  2. پێویستە زۆر بە وردی وەک خۆی ژمارەی ئەزموونی و ژمارەی ناسنامەی باری شارستانی داخڵ بکەیت، زۆر گرنگە دڵنیابیت لە ڕاستی و دروستی ژمارەکان.
  3. لە ڕۆژانی ٢٢/٩/٢٠١١ تا ٤/١٠/٢٠١١ کاتژمێر (١٠-١٢) ی سەرلەبەیانی لە هۆڵە سەرەکییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ستافی شارەزاش تەرخانکراوە بۆ پێشوازی لە پێشکەشکارانی پرۆژەی زانکۆلاین بۆ ئەوەی هاوکاری و ڕێنمایی پێویستیان پێشکەش بکەن.

ئامانجی سەرەکی پرۆژەی زانکۆلاین پاراستنی بەژەوەندی قوتابیان و خوێندکارانە، هەروەها ڕێگرتنە لەو هەڵانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان ڕویانداوە. شایەنی باسە وەزارەتی خوێندنی و توێژینەوەی زانستی هەموو پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەی فەراهەم کردووەو.