(USAID) پڕۆژەیەکی پێشكەش بەوەزارەتی خوێندنی باڵا كرد

newsitem-1776-14.08.2014-ku.jpg

رێكخراوی جیهانی (USAID) كە ڕێكخراوێكەو كارەكانی تایبەتە بە پڕۆگرامی (گەیشتن بەدادوەری). پڕۆژەی كلینیكی ڕاوێژكاری یاساییان پێشكەش بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد. پێشكەشكردنی ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی سەردانی وەفدێكی رێكخراوی جیهانی (USAID) هات، كە ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێكەوتی (14/8/2014) سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی-یان كرد.


وەفدەكەی رێكخراوی جیهانی (USAID)، كە دیڤد سیپ سەرۆكایەتی دەكرد لەگەڵ د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كۆبونەوە، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی میوان پڕۆژەكەیان پێشكەش بەوەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد، كە بەوهۆیەوە زانكۆكانی كوردستان دەرفەتێكی باشیان بۆ دەڕخسێت بۆ ڕاهێنانی خوێندكارانی بواری یاسا، تا بەهۆیەوە ڕاوێژكاری یاسایی بەتوانا بەرهەم پێ‌ بگەێنن.

لە بەرامبەردا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تیشكی خستە سەر پلان و ڕێگەی وەزارەت لە بوارەكانی گەشەپێدان و كوالیتی  خوێندن و فێركردن  لە زانكۆكانی كوردستان، هەروەك ئاماژەی بەپەرەپێدانی پڕۆگرامەكانی خوێندن و پڕۆژەی ڕیزبەندی زانكۆكانی كوردستان كرد. هەر لە وتەكەیدا د.یوسف گۆران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی یەكێكە لە ئەولەویاتی كارەكانی وەزارەت بۆ ئەوەش لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەكان.

پاشان وەفدی میوان سەرباری بەرز نرخاندنی تێڕوانینی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاكان و هەوڵەكانی وەزیری خوێندنی باڵا، كورتە باسێكیان دەربارەی پڕۆژەی (كلینیكی ڕاوێژكاری یاسایی) خستەڕو، هەروەك نیازیان لە پێشكەشكردنی پڕۆژەكە بەوەزارەت ئاشكرا كرد خوازیاربون لە زانكۆكانی سلێمانی و دهۆك و سەڵاحەدین پرۆژەكە جێبەجێ‌ بكەن، ئەوەشیان ڕوونكردەوە، كە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت ڕاوێژكاری یاسایی پیشكەشی كۆمەڵگە بكرێت و دەرەفەتێكی زانستی باش بڕەخسێنێ بۆ ڕاهینانی خویندكارانی بواری یاسا.