به‌ئاماده‌بونی د.یوسف گۆران چوارەمین کۆنفرانسى زانستى زانکۆى هەولێرى پزیشکى بەڕێوەچوو

چواره‌مین كۆنفرانسی زانستی هه‌ولێری پزیشكی

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: تاکو ئێستا گەلى کورد دوچارى دەیان کارەسات و ڕووداوى گەورەى وەک جینۆساید بووە، بەڵام نەتوانراوە وەکو پێویست لەڕووەکانى کۆمەڵایەتی و مێژووی و زانستیى هەمەلایەنەوە دیراسەى ئەم بابەتە گرنگانە بکەین و نەوەکانى داهاتووشمان بەم کارەسات و رووداوانە ئاشنا بکەین.

ئەو وتانەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا هات کە لە چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى هەولێرى پزیشکى لەژێر ناوى (بەرەو جینۆساید ناساندنى زانستى گۆڕە بەکۆمەڵەکان) ئەمڕۆ چوارشەممە 7/11/2018 لەشارى هەولێر بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە لێپرسراوانى حکومى و حزبى و پسپۆران و شارەزایان لەناوەوە و دەرەوەى هەرێمى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد.

ناساندنى جینۆساید  وەک یەکێک لەتەوەرە گرنگەکانى میللەتەکەمان

لە دەستپێکى وتەکەیدا، د.یوسف گۆران وتى: لاى هەمووان شاراوە نیە جینۆساید و ناساندنى جینۆساید یەکێکە لەتەوەرە هەرە گرنگەکان و یەکێکیشە لە کێشە هەرە گەورەکانى میللەتەکەمان، بابەتى جینۆساید کێشەیەک نیە بەبێ هۆکار دروست ببێ، بەڵکو هەمووان دەزانین ئەم کێشەیە لەبنەڕەتدا پەیوەستە بە خەباتى بێوچانى میللەتەکەمان، ئەویش لە ئەنجامى مێژووى پڕ بەرخودان بۆ بەرگرى لە ناسنامە و شارستانیەت و بەرگرى کردن لەناسنامەى نەتەوایەتى دروست بووە، بۆیە مێژووى نەتەوایەتى میللەتەکەمان واى کردووە لە ئەنجامى خەباتى بزووتنەوەى ڕزگارى خوازى خۆیدا روبەروى دەیان کارەسات ببێتەوە کە کارەساتى ئەنفال و جینۆساید لە کوردستان بەشێکن لەمێژووى ناسنامەى نەتوایەتى میللەتەکەمان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: لەگەڵ ئەوەى تا ئێستا دوچارى دەیان کارەساتى جینۆساید و گەورە بووینە، بەڵام تاکو ئێستا نەمانتوانیوە وەکو پێویست لەڕووەکانى کۆمەڵایەتی و مێژوویی و زانستی هەمەلایەنەوە دیراسەى ئەم بابەتە گرنگە بکەین، زياتر وتيشى: ئەم کارەساتانە بەشێکن لە ناسنامەى نەتەوەییمان، پێم وایە لەزانکۆکان و سەرجەم قۆناخەکانى خوێندن ئەم کێشەو بابەتە گەورەیە وەکو خۆى باس نەکراوەو بەشێک نیە لە تێگەیشتنى کۆمەڵگەى کوردى، تەنانەت لەڕووى سیاسى و کایەکانى دیکەشەوە بە هەمان شێوە نەتوانراوە ئەم کارەساتانە وەک خۆى بناسرێن. بۆیە پێویست دەکات هەموو تاکى کورد لە هەر ناوچەیەکى کوردستان بێت چ لە گەرمیان یان لە بادینان بێت، ئاشناى ئەم کارەساتانە بکرێن و لەرووى زانستى و ئەکادیمییەوە گرنگى بەم کارەساتانە بدرێت

بکەرانى جینۆساید دادگایى نەکراون

لەبەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بابەتێکى تر هەیە کە ئێمە زۆرجار قسەمان لەسەرى کردووەو باس کراوە، ئەویش ئەوەیە کە نەتوانراوە بکەرانى کارەساتى جینۆساید بۆ بەردەم دادگا ببردرێن، بۆ ئەمەش لەچەند ساڵى ڕابردوودا جینۆسایدى ئێزیدیەکان کە بوەتە بەشێک لە کارەساتێکى نەتەوەیى بەسەر میللەتەکەمان هات، بەڵام تائێستا نەتوانراوە سەرکەوتوو بین لەوەى بکەرانى ئەم تاوانە بێنینە بەردەم دادگا، چونکە لە هەموو تاوانێکدا ئەگەر بێت و بکەران دادگایى نەکرێن و سزا نەدرێن ئەمە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەى ئەم تاوانانە جارێکى دیکە دووبارە ببنەوە.

د.یوسف گۆران لەبارەى بەزانستى کردنى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش وتى: لە نوێترین ڕاپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە لەعیراقدا لەماوەى حوکمى داعش 202 گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە مەزەندە دەکرێت لە نێوان 6 بۆ 12 هەزار قوربانى تێدابێت.

ئەم قوربانیانە بێگومان بەشێکى زۆرى خەڵکى کوردن و ئێزیدین بەشێکى دیکەى خەڵکى بەشەکانى دیکەى عیراقن، ئەوەى ئەم کۆنفرانسە گرنگە قسەى لەسەر بکات ئەوەیە چۆن بتوانین لەسەر بابەتى زانستى و شیکردنەوەى جینات و بابەتى پەیوەست بە پەیوەندى تاکەکان، گۆرە بەکۆمەڵەکان هەڵبدەینەوە و بیاناسینەوەو بیانگەڕێنینەوە شوێن و زێدى خۆیان.

داتا بەیسێکى نیشتیمانیمان نیە بۆ سوود وەرگرتن لە توێژینه‌وه‌ی زانستى

لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە تا ئێستا داتا بەیسێکى نیشتیمانیمان نیە بۆ جینات و (دى ئێن ئەى) بۆ ئەوەى لەڕووى زانیاریەوە داتایەکى دەوڵەمەنمان هەبێت، بۆیە پێویستە یەکێک لەپێشنیازە زانستیەکانى ئەم کۆنفرانسە و لایەنە زاستیەکان ئەوەبێت چۆن بتوانین داتا بەیسێکى نیشتیمانیمان هەبێت بۆ سەرجەم هاوڵاتیانى کوردستان، ئەم داتا بەیسە تەنها بۆ بایەتى جینۆساید نا بەڵکو بۆ زۆر بابەتى دیکەى گرنگ و پێویست تایبەت بە نەخۆشى و بابەتە زانستییە جۆراو جۆرەکاندا سوودى دەبێت.

کارەکانى وەزارەت ڕوونکرانەوە

تایبەت بە کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى د.یوسف گۆران وتى: ئێمە لەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵمانداوە کە گرنگى بە بابەتى جینۆساید بدەین و بۆ ئەمەش لە ئەنجومەنى وەزارەت بریارێکمان دەرکرد بۆ ئەوەى بابەتى جینۆساید ببێتە بەشێکى سەرەکى لەتەواوى قۆناخەکانى خوێندن لەزانکۆکان بخوێنرێت، وتیشى: ئێستا سەرقاڵى ئەوەین بەرنامە و پرۆگرامى ئەو بابەتە دابڕێژینەوە، ئەو کات دەتوانین ئەرکێکى نیشتمانى و زانستى پێشکەش بە نەوەکانمان بکەین.

گفتوگۆکان وەک مەسەلەیەکى زانستى سەیر دەکرێن

لەکۆتاى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هیوادارم ئەو توێژینەوانەى لەم کۆنفرانسە پێشکەش دەکرێن و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت وەک مەسەلەیەکى زانستى سەیر بکرێن و کارى جدییان بۆ دەربکرێت.

جێگەى ئاماژەیە چوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆى هەولێرى پزیشکى کە لەژێر ناوى (بەرەو جینۆساید ناساندنى زانستى گۆڕە بەکۆمەڵەکان) بۆماوەى دوو ڕۆژ کارەکانى بەردەوام دەبن و تێیدا چەندین توێژینەوەى زانستى لەبارەى جینۆساید و چۆنیەتى هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەڕووى زانستیەوە پێشکەش دەکرێن.