وەزارەتى خوێندنى باڵا تێچووى کرێى خوێندنى هەرسێ کاندیدى زانکۆى پالاسکى چیک دەرگرێتە ئەستۆ

وەزارەت

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا رایگەیاند دواى ئەوەى زانکۆى پالاسکى لە وڵاتى چیک ژمارەیەک کورسى خوێندنى بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى تەرخانکرد، دواتریش پرۆفیسۆرانى زانکۆى ناوبراو سەردانى هەرێمى کوردستانیان کرد بەمەبەستى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ پێشکەشکاران، لە ئەنجامدا (٣) کاندیدى هەرێمى کوردستان لەم تاقیکردنەوەى سەرکەوتوو بوون و توانیان کۆرسى خوێندن لە کۆلێژى پزیشکى زانکۆى پالاسکى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) بەدەست بهێنن.

عەباس ئەکرەم رایگەیاند لە ئیستادا رێککار و ئامادەکارییەکان بۆ مەبەستى سەرفەرکردن و دەستپێکردنى خوێندنیان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رێکدەخرێت و لەهەمان کاتیشدا بەڕێز د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا کرێى خویندنى ساڵى یەکەمى هەرسێ کاندید لەسەر بودجەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دابین بکرێـت، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى هەوڵەکانى وەزارەتەکەمان بەدەروام دەبێت بۆ ئەوەى بۆ ساڵانى ئانیدەش بتوانین پشتیوانى دارایى بۆ ئەم کاندیدانە بەردەوامى پێبدەین.