وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ کونسوڵى کۆریاى باشور لە کوردستان کۆبۆوە

وه‌زیری خوێندنی باڵا پێشوازی له‌ كونسڵی كۆریای باشور ده‌كات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کونسوڵى کۆریاى باشور لەهەرێمى کوردستان دابینکردنى ژێرخانى پرۆسەى خوێندنى ئەلیکترۆنى بۆ زانکۆکانى کوردستان و کردنەوەى بەشى زمانى کۆرى لە یەکێک لە زانکۆکانى کوردستان تاوتوێدەکات.

ئەم گفتوگۆیەى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٤/٨/٢٠٢٠) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە  (چۆی کوانژین) کونسوڵی گشتی کۆمارى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان کە تیایدا هەریەک لە بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون.

لە دیدارێکدا بڵاوبونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان و وڵاتان و لێکەوتەکانى لە بوارى ئابوری و چۆنیەتى بەرەنگاربونەوەى و ،هەروەها ئەزمونى سەرکەوتوى کۆریاى باشوور لە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە و پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆریاى باشور و چەند پرسێکى دیکە تاوتوێکران.

کۆنسوڵى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان لەوتەیەکدا کورتەیەکى لەبارەى کار و چالاکییەکانى لەماوەى کاریان لە هەرێمى کوردستان پێشکەشکرد، بۆ ئەمەش وتى: هەرێمى کوردستان و کۆریا لە بوارى خوێندنى باڵا پەیوەندى بەهێز و کاریگەریان هەیە، بەتایبەت ئەو سکۆلەرشیپانەى حکومەتەکەى پێشکەشى هەرێمى کوردستان و عێراقى کردوە.

چۆی کوانژین، بۆ پەرەپێدانى زمانى کۆرى لە کوردستان، داواى هەماهەنگى و کارى هاوبەشى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەتایبەت بۆ کردنەوەى بەشى زمانى کۆرى لە زانکۆکانى کوردستان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: بەهۆى ئەو هاوکارى و خزمەتانەى پێشکەشیان کردوین، حکومەت و گەلى کوریا بەشێکن لە مێژوى گەلەکەمان و هەرێمى کوردستان ماڵ و نیشتمانى خۆیانە، بۆیە ئومێدمانە هەماهەنگى و هاوکارییەکانمان لەسەرجەم بوارەکان پەرەى زیاتریان پێبدرێت، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى کارو پرۆژەکانى وەزارەت و پرۆژە هاوبەشەکانى وەزارەت لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى کۆریا پێشکەش کرد.

د. ئارام محمد قادر لە ڕێگەى کونسوڵى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان داواى لەو وڵاتە کرد، هەماهەنگیان بۆ کارى هاوبەش زیاتر بێت، بەتایبەت بۆ ڕاهێنانى ستافى خوێندنى باڵا و وەرگرتنى شارەزایى و پسۆرى زیاتر لەو وڵاتە لەبوارى خوێندنى باڵا و سیستمى نوێى جیهانى خوێندن، هەروەک وتیشى بۆ دابینکردنى ژێرخانى پرۆسەى خوێندنى ئەلیکترۆنى بۆ زانکۆکانى کوردستان پێویستمان بەهاوکارى ئەو وڵاتەیە، چونکە ژێرخانى زانکۆکانى کوردستان لەڕوى ئەلیکترۆنى و سیستمى خوێندنى ئەلیکترۆنى پێویستى بە هاوکارى زیاترە.

جگە لەمانەش وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ کونسوڵى کۆریاى باشور، گفتوگۆیان کرد لەبارەى پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و دڵنیاى جۆرى و فراوانکردنى ئاستى پەیوەندى زانکۆکانى کوردستان و کۆریاى باشور و دروستکردنى سێنتەرێکى تایبەت بە ئەرشیفکردنى تاوانەکانى ئەنفال.

لەلایەن خۆشیەوە بریکارى وەزارەت لەوتەیەکدا ئاماژەى بە بەشێکى تر لە ئەرکەکانى وەزارەت و ئاستى هەماهەنگییەکان لەگەڵ وڵاتى کۆریا خستەڕو.