زانکۆى سەڵاحەدین ڕێککەوتن لەگەڵ چەند زانکۆیەکى ئەڵمانیا ئیمزادەکات

zankoy sallahadeen

بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، زانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى پێشکەتوى جیهان، لە ساڵى (٢٠١٥)وە لەمیانەى سەردانى وەفدى وەزارەت و زانکۆکان بۆ وڵاتى ئەڵمانیا دەست کراوە بەدروستکردن و دانانى بناخەیەکى زانستى پتەو.

لەو چوارچێوەیەدا و لەپێناو بەدواداچون بۆ ئەو بەرنامانەى زانکۆکان ڕێککەوتنیان بۆى کردوە، د. ئەحمەد دزەیی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین/هه‌ولێر لەمیانى سەردانێکدا ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەڵمانیای بەسەرکردەوەو، دوای بەشداریکردنی لە کۆرسێکی مەشقکردن لە زانکۆی ئیرلانگن  نۆرنبیرغ، کە تێیدا زیاتر لە ٢٠ مامۆستای کۆلێژی پەروەردەى بنەڕەتی زانکۆی سەڵاحەددین تیایدا بەشدارن و، بۆ ماوەی دوو هەفتە مەشق وەردەگرن لە سەر چەندین بواری پەروەردەی فرەیی و پیشەیی.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا چەندین مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین بەهاوکاری ڕێکخراوی دادی ئەڵمانی لە ئەڵمانیا لە چەندین بواری پەروەردەیی مەشقیان پێکراوە، کە لە ئەنجامدا زیاتر لە دو هەزار مامۆستا و خوێندکار لەو پرۆگرامە زانستییە سودمەندبونە و کاردانەوەی ئەرێنی دیار و  بەرچاوی هەبوە.

هەر لەمیانى دیدارەکانی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لە ئەڵمانیا د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری توێژینەوە لە زانکۆی ئیرلانگن کۆبوەوە.

  لەو دیداردە تیشکخرایە سەر پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردو زانکۆ بەتایبەت لەبواری توێژینەوەی زانستی هاوبەش و خوێندنی باڵا، هەروەها پڕۆژەی ئامادەکردنی کتێبێک دەربارەی بارودۆخی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەهاوکاری ژمارەیەک مامۆستای شارەزای ئەڵمانی تاوتوێ کران.

لەو میانەشدا سەرۆکی زانکۆى سەڵاحەدین چەند ڕێکەوتنێکی نوێی ئیمزا کرد و، تاوتوێی چەندین پڕۆژەی زانستی کرد، کە بە هاوبەشی ئەنجام دەدرێن بۆ پێشختستنی ئاستی زانستی و سود وەرگرتن لەو پڕۆژانە. 

لەبەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین لەگەڵ د. بۆکالاری بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی هەرێمی لۆمباردیای ئیتاڵی کۆبۆوە.

لەو کۆبونەوەیەدا کە پرۆفیسۆر د. زەنوونی گیسب لە بەشی کیمیای زانکۆی پاڤیا ئامادەیبو، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا، بەتایبەت پێدانى سكۆله‌رشیپی ماستەر بە ژماریەک لە خوێندکارانى کورد و، دواتریش زانکۆی سەڵاحەددین لە چوارچیوەی بەرنامەی سپلیت سایت زامنی خوێندنی دکتۆرایان بۆ بکات, هەروا ڕێکەوتن کرا، کە حەوت خوێندکارى دیکە لە بوارەکانی بایەلۆجی و فیزیک و کیمیا درێژە بە خوێندنی باڵا-ی خۆیان بدەن.