وەزارەتى خوێندنى باڵا ماوەى مانەوەى خوێندکاران لە دەرەوەى وڵات ڕێکدەخات

yeksankrdn

بەمەبەستى رێکخستنى ماوەى مانەوەى خوێندکارانى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا,  ماستەر و دکتۆرا،  کە لە دەرەوەى وڵات درێژە بە خوێندن دەدەن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەند بڕیارێکى دەرکرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ ڕێکخستنەوەى ناردنەوەى دەرەوەى خوێندکاران بۆ دەرەوەى وڵات و، بەمەبەستى ڕێکخستنى ماوەى مانەوەیان و گرنگیدان بە خوێندنەکەیان، وەزارەتەکەمان سەرجەم ئەو خوێندکارانەى لەماوەى ساڵى (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنى باڵا سەردانى دەرەوەى وڵاتیان کردوە ماوەى مانەوەیان بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەت دیاریکرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى: بەپێى بڕیارەکەى وەزارەت ئەو خوازیارییانەى بۆ دبلۆمى باڵا دواى بەکالۆریۆس لە دەرەوەى وڵات دەدەن درێژە بە خوێندن پێویستە بۆ ماوەى (٦) شەش مانگ لەو وڵاتە بمێننەوە.

هەروەها بۆ خوێندنى ماستەر نابێ ماوەى مانەوە لە (١) یەک ساڵى ئەکادیمى کەمتر بێت کە دەکاتە (٩) مانگ، هەروەک بۆ خوێندنى دکتۆراش ماوەکە بە (٢) دو ساڵى ئەکادیمى دیاریکراوە، کە دەکاتە (١٨) مانگ.

عەباس ئەکرەم وتیشى: سەرجەم ئەو خوێندکارانەى لەماوەى ساڵى (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنى باڵا / دبلۆمى باڵا, ماستەر و دکتۆرا سەردانى دەرەوەى وڵاتیان کردوە ئەم بڕیارەى وەزارەت بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، بە پێچەوانەوە کەمتر لەو ماوە دیاریکراوانە، ئەوا یەکسانکردنى بڕوانامەکانیان بۆ ناکرێت.