د.یوسف گۆران: دەمانەوێ بازار بەدوای دەرچوی زانکۆدا بگەڕێ، نەک دەرچوی زانکۆ بەدوای بازاردا بگەڕێ

DSC_0148.JPG

 د.یوسف گۆران ڕایگه‌یاند: وه‌ك وه‌زاره‌ت دەمانەوێ خوێندکارێک پەروەردە بکەین، لەگەڵ خۆیاندا هەلی کار بۆ خۆیان دروست بکەن، لە هەمان کاتدا دەمانەوێ بازار بەدوای دەرچوی زانکۆدا بگەڕێ، نەک دەرچوی زانکۆ بەدوای بازاردا بگەڕێ، ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و تویژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی وێب سایتی زانكۆی چه‌رموو هات.

بەئامانجی بەسەرکردەنەوەی کولێژەکان و، کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی زانستی، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، ڕێکەوتی (۱۰/۳/۲۰۱٦)، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سەردانی زانکۆی چەرمووی کرد، بەگەیشتنی لەلایەن د.سەڵاح رەزا سەرۆکی زانکۆ بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ زانکۆی چەرموو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هوڵەکانی تاقیکردنەوە، خوێندکارانی کۆلێژەکانی (زانستە ڕامیارییەکان و، پەروەردە)ی بەسەرکردەوە، هەروەک لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا هۆڵی کتێبخانەی زانکۆی بەسەرکردەوە و، لە سەرچاوە و جۆری کتێب و گۆڤارە زانستیەکانی پرسی و لە کێشەکانی کۆڵیەوە، هەر لەو سەردانەیدا بۆ زانکۆی چەرموو لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران کۆبوەوەو گوێی لە کێشەو داواکارییەکانی خوێندکاران گرت.

لە وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەیدا، د.یوسف گۆران سێنتەری توێژینەوەی زانستی لە کۆلێژی بنەڕەتی زانکۆی چەرموو کردەوە، دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکان سێنتەرەکە، دەستی خۆشی لە سەرۆکی زانکۆ و ستافی سێنتەرەکە کرد، هەروەک هیواشی خواست سێنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆی چەرموو لە پاڵ سێنتەرو ناوەندە ئەکادیمیەکانی دیکە، ببێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوە لە ناوچەکە.

سێنتەری توێژینەوەی زانستی چەرموو، لە بەشەکانی (فیزیا، کیمیا، بایەلۆژی و جیۆلوجی) پێکهاتوەو، بەنوێترین ئامێرو تەکنەلۆژیای زانستی سەردەمیانەی لەخۆگرتوە.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ زانکۆی چەرموو، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە سەرۆکایەتی زانکۆ دوای ئەوەی بەگەرمی لەلایەن ستافی ئەنجومەنی زانکۆ و قایمقامی چەمچەماڵ بەگەرمی پێشوازی لێکرا، لە مەراسیمێکدا (وێب سایتی) زانکۆ بەڕەسمی کرایەوە.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا، د.سەڵاح رەزا سەرۆکی زانکۆی چەرموو، لە وتەیکیدا دوای بەخێرهێنانی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، کورتەیەکی لەبارەی پێکهاتەی زانکۆکەو ئەو چالاکیانە پێشکەشکرد کە لەماوەی ڕابردوو ئەنجامیانداوە، هەروەک تیشکیشی خستە سەر ئەو کارو پڕۆژەو کۆڕو کۆنفرانسانەی لە داهاتودا بەنیازن جێبەجێیان بکەن.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردو وتی: خۆشحاڵین لە شارێکدا کە پێش ڕاپەڕین باسی ئەنفال و بەرگری و ڕوبەڕوبونەوەی تێدا دەکرا، به‌ڵام لە ئەمڕۆدا بەهۆی ڕاپەڕێنەوە باسی زانست و بونیادنان و گەشەپێدانی کۆمەڵگەو بازاری کاری تێدا دەکەین، بۆیە پیرۆزبای لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین.

سەبارەت بەڕوڵی زانکۆکان، د.یوسف گۆران ئەوەی ڕاگەیاند: لە دنیای ئەمڕۆماندا زانکۆکان ئەرکیان بەتەواوەتی گۆڕاوە، بەشێک لە ئەرکەکانیان پێگەیاندنی خوێندکارو پێدانی بڕوانامەیە، بەڵام ئەرکە گەورەکەیان بریتیە لە بەرهەمهێنانی مەعریفەو، چۆنیەتی بەستنەوەیان بەبازاری کارو، دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خوێندکاران، هەروەک زانکۆکان لە ئەرکەکانیاندا بەوە دەناسرێنەوە چەندە ڕۆڵیان لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەو، گەشەپێدانی پیشەسازی و بازاری کار هەیە.

هەر لە وتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئامانجی وەزارەتەکەی خستەڕو و وتی: دەمانەوێ خوێندکارێک پەروەردە بکەین، لەگەڵ خۆیاندا هەلی کار بۆ خۆیان دروست بکەن، لە هەمان کاتدا دەمانەوێ بازار بەدوای دەرچوی زانکۆدا بگەڕێ، نەک دەرچوی زانکۆ بەدوای بازاردا بگەڕێ، بۆیە دەمانەوێ خوێندکار لە بری مامۆستا ببێتە چەقی خوێندن.

سەبارەت بەڕۆڵی زانکۆکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئەگەر لە ڕابردودا زانکۆکانمان لە بواری مەعریفیدا زانکۆی بەرهەمهێنەر بونایە و، خوێندکاریان بۆ بازاری کار ئامادە بکردایە، ئەوا لەم دۆخە دارایەدا دەیانتوانی ڕۆڵی کارا لە چارەسەرکردنی کێشەکان بگێڕن.

سەبارەت بەزانکۆی چەرموو، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆی چەرموو لە دۆخێکی دارایی تایبەتدا دامەزرا، ئێستاش خۆشحاڵم کە دەبینم ئەو زانکۆیە کەوتۆتە سەر پێی خۆی، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەیەک تیم کارتان کردوە، هه‌ر ئەوەش وای کردوە دەسکەوتی باش بەدەست بهێنن، وتیشی بەشێوەیەکی تایبەت لەم زانکۆیە دەڕوانین، هەربۆیە هەوڵ دەدین بیکەینە زانکۆیەکی نمونەی، بۆ ئەوەش دەبێ بەڕەچاوکردنی پێداویستیەکانی ناوچەکە ئەو بەش و پسپۆڕیانە لە زانکۆکە بکەنەوە کە خزمەت بەناوچەکە بکات، بەوەش لە زانکۆکانی دیکە جیا دەکرێنەوە.

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: كردنه‌وه‌ی سێنته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و، وێب سایتی زانكۆ، دوو هه‌نگاوی گرنگن و، له‌گه‌ڵ كارنامه‌ی و ستراتیژی وه‌زاره‌ت یه‌كده‌گرنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ پڕۆسه‌ی ڕیزبه‌ندی نیشتیمانی زانكۆكان.

لە کۆتایی وتەکەیدا، د.یوسف گۆران سوپاسی ستافی بەڕێوەبردنی زانکۆ و قایمقامی چەمچەماڵ و یەک ئیدارییەکانی سنورەکەی کرد، کە بەهەوڵ و ماندوبونە بەردەوامەکانیان و هاریکارییەکانیان توانیان زانکۆکە بگەێننە ئەم ئاستە پێشکەوتووە.

لە کۆتای مەراسیمەکەشدا وێب سایتی زانکۆی چەرموو بەڕەسمی کرایەوە. دوابه‌دوای مه‌راسیمه‌كه‌ش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن وتی: وه‌ك چۆن وه‌زاره‌ته‌كه‌مان وه‌زارهتی خوێندن بووه‌، له‌هه‌مان كاتدا ده‌مانه‌وێ وه‌زاره‌تی توێژینه‌وه‌ش بێت، كردنه‌وه‌ی سێنته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی و، زیادكردنی سێنته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی كوردستان بایه‌خدانی وه‌زاره‌ته‌ به‌و ئه‌ركه‌ی دیكه‌ی.