ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

Runkrdnewe23

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان و دامەزراوەکان ئاگادار دەکات، کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەکاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق نەدرێ لە نێو دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

وەزارەتەکەمان جەخت لەسەر ئەوە دەکات، کە بۆ هیچ زانکۆ و پەیمانگە و کۆلێژ و دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نیە ڕێگە بەکاندیدەکانی هەڵبژاردن بدات (وێبسایت، لاپەڕەکانیان لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، هۆڵەکانی کۆبونەوەکان، کافتریا و شوێنە گشتیەکانی زانکۆ و کۆلێژەکان، یان دیواری زانکۆکان) بەکاربهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەروەک کاندیدەکانی هەڵبژاردن کە مامۆستا بن یان هەر پلە و پێگەیەکی ئیدارییان لە ناوەندەکانی زانکۆ هەیە نابێ ڕێگەیان پێبدرێ پێگەکانیان لە ناوەندەکانی زانکۆ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان و لیستەکانیان بەکاربهێنن.

بەپێچەوانەوە، هەر کەس و لایەنێک و دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر لیست و کاندیدک لە ناوەندەکانی زانکۆ بکات یان ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت سزا دەدرێ و ڕوبەڕوی یاسا و ڕێوشوێنە یاساییەکان دەکرێتەوە.