وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێز لە (71) پرۆفیسۆرى خانەنشینکراو لە زانکۆکان دەگرێت

dyari 2

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ڕابردودا حکومەتى ئێراق تەنها ئابڵوقەى ئابورى نەدەداین، بەڵکو کارى دەکرد تا ئابڵوقەى زانستیشمان بخاتەسەر، بەڵام بەهەوڵى پڕۆفیسۆرەکان، کە لەزانکۆکان وانەیان دەوتەوە، خوێندن لەزانکۆکان پەکى نەکەوت، بەڵکو بەرەوپێشچونى بەخۆوە بینى و، لەسەر دەستى ئەوان تواندرا دەیان و سەردان مامۆستا پێبگەن.

(٧١) پڕۆفیسۆرى خانەنشینکراو ڕێزیان لێنرا

ئەو وتەیەى د.یوسف گۆران ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠١٨) لەمیانە ئەو مەراسیمەدا هات کە تایبەت بو بە ڕێزگرتن لە (٧١) پڕۆفیسۆرى خانەنشینکراو لەتەواوى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، لەو مەراسیمەدا، کە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەت بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆکان و، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و یاریدەدەرى بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژنەوەى زاستى بەڕێوەچو لەسەرەتادا چەند وتەیەک پیشکەشکران.

پڕۆفیسۆرەکان کەڵەزاناى هەڵکەوتو و گەروەى ئەکادیمیاکانى هەرێمەکەمانن

لەو چوارچێوەیەدا، (د.کەریم ساڵح عەبدول) ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى لیژنەى ئامادەکارى مەراسیمەکە وتارى بەخێرهێنانى خوێندنەوە، لەسەرەتاى وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى ئامادەبوان ڕایگەیاند: ئێوەى پڕۆفیسۆرانى خانەنشینکراو کەڵەزاناى هەڵکەوتو و گەروەى ئەکادیمیاکانى هەرێمەکەمانن و، پەروەردەکارو فێرکار و مامۆستا و ڕێنیشاندەرى خوێندکارانن، هەروەک پێگەیەنەر و سەرپەرشتیارى خوێندکارانى ماستەر و دکتۆران و، پێشەنگى کۆمەڵگەشن، بۆیە کۆمەڵگە قەرزاى ئێوەیە و، ئەم مەراسیمەش لایەنێکى کەمە لە بەرامبەر ئەو خزمەتەى ئێوە کە لە ڕابردودا پێشکەشتان کردوە. 

ئەم ڕێزلێنانە تەنها ڕێزگرتن نیە لەلایەنى زانستى

هەر بەو بۆنەیەوە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا، جەختى لە گرنگى ئەم مەراسیمەکە کردەوە وتى: من ئەمڕۆ خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە لە خزمەت ئێوەى بەڕێزدام، ئەو ڕێزلێنانەش تەنها ڕێزگرتن نیە لەلایەنى زانستى ئێوە، بەڵکو ڕێزگرتنە لە مێژوى پڕ لەسەروەرى ئێوە، کە لەقۆناخەکانى تەمەنى خزمەتکردنتاندا پێشکەشى کۆمەڵگەتان کردوە.

توانا و بەهرەى پڕۆفیسۆرەکان بوە هۆکارى بەدیهێنانى ئەمڕۆ

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕو لە پرۆفیسۆرەکان وتى: ئێمە خۆمان بە قەرزارى ئێوە دەزانین، دەبوایە ئێمە زیاتر بەدەم ئەو خزمەتەى ئێوە بهاتباین، چونکە توانا و بەهرەکانى ئێوە لە زانکۆکان بوە هۆکارى بەدیهێنانى ئەمڕۆ، وتیشى: ئاشکرایە ئەو دۆخە نەخوازراوە سیاسى و ئابوریەى دوچارى هەرێمەکەمان بوتەوە بۆتە ڕێگر لەبەردەم چەندین کارى لەو شێوەیە.

حکومەتى ئێراق کارى دەکرد تا ئابڵوقەى زانستی بخاتە سەر کوردستان

وەک وەبیرهێنانەوەیەک لە مێژوى قۆناخەکانى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمى کوردستان بۆ ئامادەبوانى مەراسیمەکە د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا حکومەتى ئێراق تەنها ئابڵوقەى ئابورى نەدەداین، بەڵکو کارى دەکرد تا ئابڵوقەى زانستیشمان بخاتەسەر، بەڵام بەهەوڵى ئێوەى بەڕێز کە لەزانکۆکان وانەتان دەوتەوە، پڕۆسەى خوێندن پەکى نەکەوت، بەڵکو بەرەوپێشچونى بەخۆوە بینى و، لەسەر دەستى ئێوە تواندرا دەیان و سەدان مامۆستا و پرۆفیسۆر و پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر پێبگەن.

پڕۆفیسۆرەکان پێشەنگى پێگەیاندنى کادیرانى زانستى و هەوڵە ئەکادیمیاکانى کوردستانن

لەبەشێکى دیکەى وتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ڕوڵى گرنگى ئەو پڕۆفیسۆرانە لە بونیادنانى زانکۆکان و دەسکەوتەکانى ئەمڕۆ کرد وتى: ئێوە پێشەنگى پێگەیاندنى کادیرانى زانستى و هەوڵە ئەکادیمیاکانى ئەم هەرێمە بون، ئێوە بونیادنەرى ئەو بناخە زاستیە بون، کە ئەمڕۆ بەخۆشحاڵیەوە بەرهەمەکەى دەبیندرێت، کە نەوەیەکى باشى پێگەیشتو لەڕوى زانست و زانیارییەوە لێ بەرهەم هاتوە، هەروەک د.یوسف گۆران بە پڕۆفیسۆرانى خانەنشینبوى زانکۆکانى ڕاگەیاند: ئێمە درێژەپێدەرى ئەو کاروانە دەبین و، هەوڵى زیاتر دەدەین بۆ ئەوەى هەنگاوى زیاتر لە پەیڕەوکردنى بنەما زانستى و ئەکادیمیە جیهانیەکان و، ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بین.

دەبێ زانکۆکان سود لە ئەزمونى پڕۆفیسۆرە خانەنشینکراوەکان وەربگرن

هەر لەو مەراسیمەدا، د.حەمە نەجم جاف بەنوێنەرایەتى پڕۆفیسۆرە خانەنشینکراوەکان وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ڕێزلێنان و ئاوەڕلێدانەوە لە پڕۆفیسۆرە خانەنشینکراوەکان، هیواشى خواست ئەم ڕێزگرتنە ببێتە نەریتێکى ساڵانە، هەروەک داواشى لە زانکۆکان کرد سود لە ئەزمونى و شارەزایى ئەم پرۆفیسۆرانە وەربگرێت.

دابەشکردنى سوپاس و پێزانین و خەڵات و دیارى

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەدا، لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ، سەرۆکى زانکۆکان سوپاس و پێزانین و خەڵات و دیارى وەزارەت بەسەر سەرجەم پڕۆفیسۆرە خانەنشینکراوەکان دابەشکرا، کە ژمارەیان (٧١) پرۆفیسۆر بوو.