لە سێیەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا، چەندین بڕیاری گرنگ دران

kobwnewe legel weziri xwindni turkya

بەسەرپەرشتی د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، سێیەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو و، تیایدا چەند بڕیارێکی گرنگى پەسند کرد.

لەو کۆبونەوەیەدا کە ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکەوتی (٢٦/٧/٢٠١٧)بەڕێوەچو، لە چەند تەوەرێکی جیادا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەست بە خوێندکاران و خوێندنی باڵا کران و، بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

بۆردێکى هاوبەش لە نێوان تورکیا و کوردستان لە بوارى خوێندنى باڵا پێکدێ

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنی باڵا کورتەیەکى لەبارەى سەردانەکەى بۆ ئەنقەرە پێشکەشکرد و، ڕایگەیاند: ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى (٢٦/٧/٢٠١٧) لەسەر بانگهێشتى وەزیرى خوێندنى تورکیا سەردانى ئەو وڵاتەمان کرد، وتیشى دواى پێشوازییەکى ڕەسمى لەلایەن وەزیرى پەروەردە و، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و ستافى وەزارەت، لە کۆبونەوەیەکدا چەندین تەوەرى جیا و پەیوەست بەسێکتەرە جیاکانى خوێندنى باڵا-مان تاوتوێکرد بەتایبەت چۆنیەتى پەرەپیدانى پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان.

د.یوسف گۆران ڕایگەیاند لە بەشێکى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەى دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو خوێندکارانە کرد، کە لە زانکۆکانى بزوتنەوەى خزمەت دەیانخوێند و، لە ئێستادا بەهۆى داخستنى زانکۆکانیان دوچارى کێشە بون، وتیشى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە وەزیرى خوێندنى تورکیا بەڵێنیدا چارەسەرى سەرجەم کێشەى ئەو خوێندکارانەى هەرێمى کوردستان بکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکراشیکرد، کە هەر لەو کۆبونەوەیەدا داوایان کردوە پەیوەندییەکانى نێوان ڕێکخراوى (یۆک) و زانکۆکانى کوردستان بەهێز بێ، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى تورکیا پشتگیرى خۆى بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییە دوپاتکردەوە بەڵێنیشیداوە  رێکخراوى (یۆک) ڕابسپێرێ بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان بەهێز بکەن.

هەر بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا لە بوارى خوێندنى باڵا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەسەر پێشنیازى ئێمە بۆردێکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى تورکیا و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان پێکدێ، وتیشى وەزارەتى خوێندنى تورکیا لەگەڵ ڕەزامەندى نیشاندان لەسەر دروستکردنى بۆردەکە، ئەندامەکانیشیان دەستنیشان کرد، د.یوسف گۆران ئاشکراشیکرد ئەرکى بۆردەکە بریتى دەبێ لە داڕشتنى سایسەتى هەماهەنگى و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنى کێشە هاوبەشکانمان، ڕونیشیکردەوە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئێمەش ئەندامانى بۆردەکە دەستنیشان دەکەین.

لە کۆتایشدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەگشتى سەردانێکى سەرکەوتوو بو، هەربۆیە ئێمەش ئەخوازین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا بەهێز بکەین، چونکە بەشێک لە زانکۆکانى تورکیا لە بوارى تەکنیکى و تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتون، ئەوەشى ڕونکردەوە سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەت ئاگادارى ئەو سەردانە بون و پشتیوانى خۆیان بۆ بەهێزکردنى پەیوەندییەکان دوپاتکردۆتەوە.

سێمستەرەکان و ماوەى خوێندنى باڵا دیارى دەکرێن

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى دەستپێکردنى ماوەى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ سیسمتەرەکان و ماوەى خوێندن کرا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى پڕۆسەکانى خوێندنى باڵا و، گرنگى دەستپیکردنى خوێندن لە زانکۆکان خستەڕو، وتیشى دەمانەوێ سیمستەرەکانى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى کوردستان بەشێوەیەک رێکبخرێ، کە لە زانکۆکان لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا خوێندکاران دەست بەخوێندن بکەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە د.کەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى پرۆسەکە و، کێشەکانى ئەو پرۆسەیە پێشکەش بەئەندامانى ئەنجومەن کرد، لە کۆتایشدا دواى ئەوەى ئەندامانى ئەنجومەن سەرەنج و پێشنیاز و بۆچونەکانیان لەو بارەیەوە خستەڕو، بریاردرا لە رێگەیەکى کۆمیتەیەکى تایبەت، کە نوێنەرى سەرجەم زانکۆکان لە خۆ بگرێ، ماوەى سیمستەرەکان و کاتى دەستپیکردن خوێندن لە ئایندەیەکى نزیکدا دیارى بکرێ.

ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى دو زانکۆى (زانستە کردارەکیەکان و ڕاهێنانى پیشەیى) لە هەرێمى کوردستان درا

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا تاوتوێى کردنەوەى دو زانکۆى (زانستە کردارەکیەکان و ڕاهێنانى پیشەیى) کرا، بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى بالا ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنى دیدى حکومەت تایبەت بە بایەخدان بەخوێندنى زانستە کردارەکیەکان و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان ساڵى ڕابردو بانگەوازێکمان بۆ سەرمایەداران کرد بۆ ئەوەى پرۆپۆزەڵەکانیان پیشکەش بکەن بۆ کردنەوەى ئەو زانکۆیە لە هەرێمى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئێستا بازارى کوردستان کێشەیەکى گەورەى لەو بوارە هەیە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە لە وەزارەت کارى زۆرمان کرد بەتایبەت لە خوێندنى حکومى، هاوتەریب لەگەڵ خوێندنى حکومى دەمانەوێ لە کەرتى تایبەتیش خوێندنى پیشەیى پەرە بەو جۆرە خوێندنە لە کوردستان بدەین.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ، د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى لێژنەى باڵاى دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشین  وتى: دواى بڵاوکردنەوەى بانگەوازەکە کۆمەڵێک پڕۆپۆزەڵ پێشکەش بە وەزارەت کرا، بۆیە دواى هەڵسەنگاندنى سەرجەم پرۆپۆزەڵەکان بەپرۆسەى دڵنیاى جۆرى و متمانە بەخشین بەپێیى یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان ئێستا لە لێژنەکەمان ڕەزامەندیمان لەسەر دوو پرۆپۆزەڵ دراوە، لەبەرامبەردا ئەندامانى ئەنجومەن چەندین ڕاو پێشنیازیان لە بارەى جۆرى خوێندنەکە و پرۆپۆزەڵەکان خستەڕو، لە کۆتایشدا بەکۆى دەنگى ئەنجامانى ئەنجومەن ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى درا و، بڕیاریشدرا بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەى بریارى کۆتایى لەسەر بدرێت.

ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى لقى زانکۆى چیک لە هەرێمى کوردستان درا

تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکە تەرخان کرا بۆ کردنەوەى لقى زانکۆى چیک لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: زانکۆى چیک یەکێکە لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان و، لە ڕیزبەندى پێشەوەى زانکۆکانى جیهانە، وتیشى ئەو زانکۆیە ئەخوازێ لقێک لە هەرێمى کوردستان بکاتەوە، بەتایبەت لە بوارى ئەندازیارى، ئەوەش دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ بوارى خوێندنى باڵا لە کوردستان، چونکە بۆ یەکەمین جارە کە زانکۆیەک خاوەن ئەو ڕانکینگە بەرزە بێ لە ئاستى جیهان بخوازن لقێکى زانکۆکەیان لە کوردستان بکەنەوە، وتیشى پرۆپۆزەڵەکەیان بە لێژنەى باڵاى دڵنیایى جۆرى و متمانە بەخشین تێپەر بوە و، لێژنەکە ڕەزامەندیان لەسەر کردنەوەى زانکۆکە پیشانداوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەندامانى ئەنجومەن وێڕاى ئەوەى بەگرنگیەوە باسیان لە پێشکەوتنى خوێندنى باڵا لە چیک کرد، کردنەوەى لقێکى زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان لە هەرێمى کوردستان بەدەسکەوتێکى گەورەى بوارى خوێندنى باڵا وەسفیان کرد، هەربۆیە بەکۆى دەنگى ئەندامان ڕەزامەندى لەسەر کردنەوەى ئەو زانکۆیە پیشاندا و، بریاریشدرا پرۆپۆزەڵەکە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەرز بکرێتەوە تا بڕیارى کۆتایى لەسەر وەربگیرێ.

ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان پلانى ستراتیژى خۆى خستەڕو

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، د. سەلیم زەنگەنە، سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان سمینارێکى لە بارەى پلانى ستراتیژى ئەنجومەنەکەیان بۆ چوار ساڵى ئایندە خستەڕو، لە سمینارەکەیدا بەوردى باسى لە کێشە پزیشکیەکانى هەرێمى کوردستان و، چۆنیەتى پەرەپێدانى کەرتى پزیشکى لە کوردستان خستەڕو، هەر لە میانەى سمینارەکەیدا وردەکارى پلانى ئەنجومەنەکەى بۆ پێشخستنى خوێندنى پزیشکى لە کوردستان بۆ چوار ساڵى ئایندە باسکرد.

لە بەرامبەردا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دستخۆشى لە د.سەلیم زەنگنە کرد و، وتى: ئەم هەنگاوێکى گرنگە کە لەو ڕێگەیەوە بتوانین هەموان ئاگادارى دیدگا و کار و پڕۆژە و بەرنامەکانى یەکتر بین، هەروەک سەرۆکى زانکۆکانى ڕاسپارد، بۆ کۆبونەوەکانى داهاتو سمینارى هاوشێوە ڕێکبخەن.

پلە تایبەتەکان ناتوانن خوێندنى باڵا بخوێنن

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، باس لە خوێندنى پلە تایبەتەکان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، دواى ئەوەى کێشەى خوێندنى پلە تایبەتەکان ڕوبەڕومان کرایەوە،  نوسراوێکمان ئاراستەى ئەنجومەنى شورا کرد، لە وەڵامدا ئەنجومەنى شوڕا ڕایى خۆى بەو شێوەیە دەربڕیوە، کە پلە تایبەتەکان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن لە خوێندنى باڵا بخوێنن، بەڵکو تا ئەو کاتەى لە پلەکانیان دەمێننەوە خۆیان بۆ کارەکانیان تەرخان بکەن، وتیشى ئەم بریارە ئەوانە ناگرێتەوە کە ئێستا وەرگیراوان، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەیە کە لەمەودوا داوا پێشکەش دەکەن، ڕونیشیکردەوە بڕیارە بۆ خوێندنى ناوەو دەرەوەى وڵاتە، واتا بەهیچ نە لە ناوەوە نە لە دەرەوە ناتوانن بخوێنن.

زۆربەى خوێندکاران بەشێوەى ڕاستەوخۆیى زانکۆى وەردەگیرێن

بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە تەرخانکرا، بۆ قسەکردن لەسەر وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى زانکۆىى، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ساڵى ڕابردو لە (١٠٨) بەشى زانستى پرۆسەى وەرگرتنى ڕاستەوخۆیى زانکۆیمان جیبەجێکرد، ئەو پرۆسەیە دەسکەوتى گەورەى بۆ خوێندکاران و زانکۆکان هەبو، بۆیە وەک لە کۆبونەوەى پیشتر بڕیارمان لەسەرداوە لەسەرجەم کە ژمارەیان (٣٥٤) بەشە، جگە لەو بەشانەى دیاریکران، زانکۆکان خوێندکاران بەشێوەیەى ڕاستەوخۆیى زانکۆى وەربگرین، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاسپارد دەست بەجێبەجێکردنى ئەو بریارە بکەن و، بەتەواوەتى جێبەجیى بکەن.

بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ دەبێ خویندکار لە وانەکانى (کیمیا، زیندەوەرزانى، ئینگلیزى) لە (٦٥%)  کەمترى نەبێت

کۆبونەوەکە تاوتوێى چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەکى کۆمیتەى پێداچونەوە بە پرۆگرام و بەشە زانستیەکانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن د.کەریم ساڵح عەبدول ئەندامى کۆمیتەکە کورتەیەکى لەبارەى کارى کۆمیتەکەیان و ئامانجى گۆڕانکارییەکانى خستەڕو، هەر بۆ ئەو مەبەستە د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کۆمیتەکە پێشنیازیکردوە بۆ پێشکەشکردن لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، پێویستە نمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى خوێندکار لە هەریەک لە وانەکانى (کیمیا، زیندەوەرزانى، ئینگلیزى) لە (٦٥%)  کەمتری نەبێت، هەروەها پێشنیازیان کردوە بۆ دیاریکردنى ڕەگەزى پێشکەشکار (نێر  و مێ) و شوێنى نیشتەجێبون و شیاوى بۆ کاروچالاکى کشتوکاڵى لە کۆلێژەکانى کشتوکاڵ لە زانکۆکان تایبەتمەندى هەریەک لە بەشەکانى کۆلێژەکە ڕەچاو دەکرێت. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى کارەکانى کۆمیتەکەى کرد، دواى ئەوەى پێشنیازەکان خرایە دەنگدانەوە بەکۆى دەنگ پێشنازەکان پەسند کرا، هەروەک بڕیاریشدرا لە وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى داهاتو بڕیارەکە جێبەجێ بکرێ.

نمرەى وانەى بیرکارى بۆ وەرگرتن لە یاسا دەبێتە ئارەزومەندانە

لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنى وەزیران پێشنیازێکى (کۆمیتەى پێداچونەوەى خوێندن و پرۆگرامەکانى یاسا)ى پەسندکرد، بەپێیى پێشنیازە پەسندکراوەکە، هەژمارکردنى نمرەى وانەى بیرکارى بۆ وەرگرتن لە بەشەکانى یاسا دەبێتە ئارەزومەندانە، ئەوەش ڕاگەیندرا ئەو بڕیارە لە ساڵى داهاتوەوە جێبەجێ دەکرێ.

بەئیجابیەوە هەڵسەنگاندن بۆ توانستى زمانى ئینگلیزى  بۆ خوێندنى باڵا کرا

بابەتێکى دیکەى کۆبونەوەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجى توانستى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانی هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش ئەوە ڕاگەیندرا هەر خوێندکارێک لە هەر قۆناخى خوێندنەکەیدا بێ، ئەگەر دەرکەوت بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزیەکەی ساختەیە ئەوا لە خوێندن بێبەش دەکرێ، هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەوەش ڕاگەیندرا بەپێیی ئەو داتایانەى کە گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەت تا ئێستا ڕێژەیەکى باش لە کاندیدەکان توانیویانە ئاستى زمانى ئینگلیزى پێویست بەدەستبهێنن، لەو چوارچێویەشدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیە کە ئێستا هەرێمى کوردستان لە بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى لە نەخشەى جیهانى تایبەت بە بایەخدان بەزمانى ئینگلیزى دەرکەوتوە.

کۆتایی کۆبونەوەکە

هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لە  ڕێکەوتى (٢٠/٨/٢٠١٧) لە زانکۆى سلێمانى لە وۆرکشۆپێکدا گفتوگۆ لەبارەى کێشەکانى گۆڤارە زانستیەکان و، چۆنیەتى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیان بکرێ و، پێوەرى جیا بۆ گۆڤارە لۆکاڵى و نێودەوڵەتیەکان دابنرێ، جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، کە لە وۆرکشۆپەکەدا باس چۆنایەتى گۆڤارەکان دەکرێ، لە بەشی کۆتایی کۆبونەوەکەشدا چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بەکاروباری خوێندکاران، کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و، کاروباری کارگێڕی و دارایی و نوسراوی زانکۆکان تاوتوێکران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.