بڕی(870) هەزار دۆلارى دیکە بۆ خوێندکارانى تواناسازى خەرجکرا

wezaret

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خەرجکردنى بڕى (870,572) هەزار دۆلارى ئەمریکى وەک قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى ڕاگەیاند، کە بەسیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا و، تيايدا (56) خوێندکارى تواناسازى سودمەند دەبن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دواى ئەوەى ڕەزامەندى نیشاندرا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاریدا بە خەرجکردنى قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى کە بەسیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: قۆناخى پێنجەمى شایستەى دارایى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى بریتیە لە (870,572) هەزار دۆلارى ئەمریکی، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە یەک قۆناخ خەرج دەکرێت و تیایدا (56) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى (ئەمریکا – بەریتانیا – ئوستورالیا –  سويد - کەنەدا) لێى سودمەند دەبن.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتيشى: پێشوتر لە چوار قۆناخى جيا جيادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (2,452,598) مليۆن دۆلارى ئەمریکى خەرجکردووە کە (1366) خوێندکارى  بەرنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەندبون، کۆى ئەو پارانەش لە ڕێگەى سيستمى بانکیەوە ڕەوانەى زانكۆکان کراوە.

جێگەى ئاماژەیە دواى ئەوەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەسەرۆکایەتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەکانى بەردەوام بوە بۆ ئەوەى تەواوى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى لە سەرجەم زانکۆکانى جیهان، کە تێدا دەخوێنن قۆناخ بە قۆناخ خەرج بکات.