د.یوسف گۆران: سەرجەم کێشەى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى چارەسەر کرا

kongrey rozhnamey

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشاندا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠١٧) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا هات، کە بۆ دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانسى دیوانى وەزارەت ڕێکخرابو.

لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د.یوسف گۆران وتى: وەک ئاشکرایە لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى یەکێک لەو سێکتەرانە کە دوچارى قەیرانى دارایى بوە، خوێندنى باڵا و، بەتایبەت خوێندکارانى تواناسازى بو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئێمە ئاگادارى وردەکارى هەمو کێشەکانیان بون و، بەردەوام بەدواداچونمان بۆیان دەکرد، ئەوەبو لە قۆناغى یەکەمدا توانیمان بڕى نیو ملیۆن دۆلاریان بۆ پەیدا بکەین، بەوەش توانرا بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکەین، چونکە بڕى پارەکە زۆر کەم بو.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، وەزارەت لە هەوڵ و کۆششەکانى بەردەوام بو بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى تواناسازى دابین بکات، خۆشبەختانە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (٦/٣/٢٠١٧) سەرۆکى حکومەت ڕەزامەندى نیشاندا بەتەرخانکردنى بڕى (٣٠) سى میلۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند بەتەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە کێشەى هەر زۆرى ئەو خوێندکارانەى تواناسازى چارەسەر دەکات کە ئێستا دەخوێنن.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد، ئەو بڕە پارەیە بە سێ جار و، هەر مانگەى بڕى (١٠) ملیۆن دۆلار دێنە سەر حیسابى وەزارەت، لەهەمان کاتدا بەو پێیى فەرمانەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لێژنەیەکى سێ کەسى بەسەرۆکایەتى  (وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، بەڕێوەبەرى ژمێریارى وەزارەتى خوێندنى باڵا)، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە وەزارەت میکانزمى گونجا دادەنینین و، لەگەڵ سەرجەم ئەو زانکۆیانەش گفتوگۆ دەکەین کە خوێندکاران تێیاندا دەخوێنن بۆ ئەوەى بڕى پارەکانیان بۆ ڕەوانە بکەین، واتا لەم پڕۆسەیەدا خوێندکار پەیوەندى بەپێدانى کرێى خوێندنى بەزانکۆ نابێ، بەڵکو وەزارەت خۆى ئەو کارە ڕایى دەکات، لەوەشدا د.یوسف گۆران مژدەى بەخوێندکارانى تواناسازیدا کە ژمارەیان (٨٠٠) خوێندکارە کێشەکانیان چارەسەر کرا.

هەر لەو کۆنگرەیە ڕۆژنامەیەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى هەمو ئەو لایەن و لێپرسراوانەى کرد، کە هاریکاریانبون بۆ چارەسەرکردنى کێشەى شایستە داراییەکانى خوێندکاران، لە پێشەوەیان سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران، وەزارەتى دارایى و ئابورى و، بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکان لە دیوانى وەزارەت، کە هەموان پێکەوە لەو پرۆسەیە بەشدار  و هاوکار بون بۆ تەرخانکردنى ئەو بڕە پارەیە.

 لە کۆتایدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەم مانگەوە دەست بەچارەسەرکردنى ئەو کێشەیەى خوێندکاران دەکەین، چونکە لە ڕابردودا ئەو کێشەیە ناوبانگێکى خراپى بۆ ئێمە دروست کردبو، بەڵام لێرە بەدواوە هەنگاوى باشتر لەگەڵ زانکۆکان دەچینە پێشەوە، بەشێوەیەک هەوڵ دەدەین پڕۆژەى هاوبەشیشمان هەبێ.

کلیک لێرە بکە بۆ بینینى دەقى فەرمانەکەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ تەرخانکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى...