ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستى زمانى ئینگلیزى لە سەنتەرەکانی زمان ڕادەگەیەنرێت

وه‌زاره‌ت+ ئینگلیزی

ئەمشەو پێنج شەممە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانى دیاریکردنى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لەسەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى سەڵاحەدین و سلێمانى و دهۆک ڕادەگەیەنرێت.

لەو بارەیەوە د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەکانی سەنتەری زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى کوردستان لە لێدوانێکى تایبەتدا بە سایتى (www.mhe-krg.org) ڕاگەیاند: دواى ئەوەى لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى بۆ خوازیارانى دبلۆمى باڵا و ماستەرو دکتۆرا ئەنجامدرا، وا بڕیارە ئەمشەو پێنجشەممە ڕێكەوتی (٢٣/١/٢٠٢٠) ئەنجامی تاقیکردنەوەکانى دیاریکردنى ئاست بۆ بەشداربوان لە خولەکانى فێرکارى زمانى ئینگلیزى ڕادەگەیەنرێت. ئەو بەشداربووانەی کە ڕۆژی (١٨/١/٢٠٢٠) تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاست یان ئەنجامداوە دەتوانن لەڕێگەی ویبسایتی زانکۆکانیانەوە ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە. 

هەروەك وتیشی: كۆی بەشداربوان لە تاقیكردنەوەكانی دیاریکردنى ئاستى توانستى زمانى ئینگلیزى لەسەنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى سەڵاحەدین و سلێمانى و دهۆک بریتیە لە ( ١٤٥٢) بەشداربو، كە (٤٨٩) لە زانكۆی سەڵاحەدین و (٦٥٧) لە زانكۆی سلێمانی و (٣٠٦) لە زانكۆی دهۆك بوە.