چارەسەرکردنى کێشەى زانکۆکانى ناوچە جێناکۆکەکان، بەستراوەتەوە بە کواڵێتى و مەرج و ڕێنمايیەکانى وەرگرتن لەم زانکۆیانە

وەزارەتى خوێندنى باڵا-لۆگۆ

دواى ئەوەى هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم و ناوەند یاداشتنامەى لێکگەیشتنیان لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا ئیمزاکرد، ‌ یاداشتەكە چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگی له‌خۆگرتوه, كە تایبه‌تن‌ به‌ بواره‌كانی (ئه‌كادیمی و زانستی، توێژینه‌وه‌ و مه‌شقكردن، ڕۆشنبیری و په‌ره‌پێدان), دواى ئیمزاکردنى یاداشتەکەش پێویستە هەردوو وەزارەت لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کابینەى تازەى حکومەتى عێراقى میکانیزم بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامەکە دابڕێژن بۆ پابەندبون و داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی سەرجەم برگەو مادەکان.

سەبارەت بەخاڵێکى نێو یاداشتەکە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنى کێشەى کۆلێژە زانکۆییەکانى ناوچە جێناکۆکەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواى ئیمزاکردنى یاداشتەکە ماناى ئەوە نیە بەبێ بونى مەرجى زانستى و کواڵێتى وەزارەتەکەمان متمانە بەو زانکۆیانە ببەخشێت، بەڵکو کێشەى ئەم زانکۆیانە پەیوەندیدارە بە ئاست و کواڵێتى خوێندن و پابەندبون بە مەرج و ڕێنماییە یاساییەکانی خوێندنی تایبەت كە لەگەڵ ستانداردەکانى خوێندن بگونجێت.

لە هەمانکاتیشدا لە یاداشتەکەدا هەمان ئەو مەرج و ڕێنماییانەى کە پێشتر جەختمان لەسەرى کردۆتەوە بۆ ئەم زانکۆیانە باسکراون, بۆیە كێشەى ئەو زانکۆیانە بەستراوەتەوە بە هەبوونى کواڵێتى خوێندن و جێبەجێکردنى مەرج و ڕێنماییەکانى وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لەم کۆلێژە زانکۆییانەدا.

لە کۆتایشدا بەپێویستى دەزانین بە دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى و سەرجەم ئەو خوازیارانەى مەبەستیانە لەم کۆلێژە زانکۆییانە بخوێنن ڕابگەیەنین، کە بە وردی  ئاگادارى هەموو ئەو مەرج و ڕێنماییانەى وەزارەتەکەمان بن, کە دایناوە بۆ وەرگرتن و دەستکردن بە پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا.