ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى-یەوە

logoy wezratt2222

لە دواین ژمارەى هەفتەنامەى (باس) و، چەند وێبسایتێکى ئەلیکترۆنى بەپشت بەستن بەهەفتەنامەى ناوبراو، ڕاپۆرتە هەواڵێک بەناونیشانى " لە زانکۆکانى کوردستان گەندەڵى گەورە کراوە" بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەپێویستى زانى ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕاى گشتى بڵاوبکاتەوەو، ڕاستیەکان بخاتەڕو..

  1. بەر لە هەمو شتێک ئامادەکارى ئەو ڕاپۆرتە هەواڵە وەک ئەرکێکی پیشەیى ڕۆژنامەنوسى دەبو خۆى زیاتر ماندو بکردایەو بەدواداچونى وردترى بۆ بابەتەکان بکردایە تا دەگەیشتە ڕاستیەکان و لایەنگیرى لە بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتە هەواڵەکە نەکردایە، چونکە ئەو کەسەى ئەم ڕاپۆرتە هەواڵەى ئامادەکردوە نە ئاگادارى یاسا و ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستە، نە زانیارییەکى ئەوتۆشى لەبارەى کارى ڕۆژنامەیى هەیە، ئەگینا دەبو بەر لەکارەکەى یاسا و ڕێنماییەکان بخوێنێتەوە، یان ڕاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەربگرتایە، هەربۆیە لەسەرەتایى ڕاپۆرتە هەواڵەکەى دوچارى هەڵە بوە و، ئەو پارەیەیى بۆ ئەو بەڕێزانە خەرجکراوە بە "پاداشت" ناوى بردوە، کە پاداشت نیە.
  2. بەپێی یاساى ژمارە (١٢)ى ساڵى (٢٠١٣)ى یاساى جێبەجێکردنى یاساى ڕاژەى زانکۆیى فیدراڵى ژمارە (٢٣)ى ساڵى (٢٠٠٨)ى هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان هەمو مامۆستایەکى زانکۆ لە ساڵێکدا (٦٠) ڕۆژ پشوى هەیە، بەڵام ئەوانەى ئەو مامۆستایانەى کە ڕاپەڕاندنى ئەرکى بەڕێوەبردنى زانکۆ ئەگرنە ئەستۆ و، ئەو پشوە وەرناگرن و لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانى زانکۆ بەردەوام دەبن موچەى مانگێکیان بۆ خەرج دەکرێ، ئەمە نەک هەر لە هەرێمى کوردستان، بەڵکو لە سەرانسەرى ئێراق لەبەر ڕۆشنایى ئەو یاسایەى سەرەوە ساڵانە ئەو موچە بۆ ئەو مامۆستایانە خەرجکراوە کە ئەرکى ڕاپەڕاندنى زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا-یان لە ئەستۆدایە.
  3. ساڵانى ڕابردو ئەو پارەیە بەپێیى ئەو یاسایە لەلایەن وەزارەتى دارایى و ئابورى بۆ مامۆستایانى زانکۆ خەرج دەکرا، بەڵام لەوەتەى پڕۆژەى "هەنگاو بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان" لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە پەسند کرا، لە ئەمساڵەوە زانکۆکان لەسەر داهاتى خۆیان بۆ ئەو مامۆستایانە خەرجیان کردوە، کە ئەرکى ڕاپەڕاندنى زانکۆیان لە ئەستۆیە.
  4. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە بەر ڕۆشنایى بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ پێدانى دەسەڵاتى زیاتر بەزانکۆکان، دەسەڵاتى خەرجکردنى ئەو موچەیەى لەسەر داهاتى سندوقى زانکۆکان بەخۆیانداوە.
  5. خەرجکردنى ئەو پارەیە لەم کاتەدا هەم ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەرامبەر بەزانکۆکان ئاسان کردوە، هەم ئەرکى مافى مامۆستایانیش دابینکراوە و، هیچ بارگرانیەکیشى بۆ سەر شانى حکومەت دروست نەکردوە.

بۆیە لە کۆتایدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە خەرجکردنى ئەو موچەیە (١٠٠%) بەپێیى یاساو ڕێنماییەکان و، بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کراوە و هیچ گەندەڵیەکى تێدا نیە، هەر کەس و لایەنێکش بەڵگەى هەیە با بەڵگەو دۆکیۆمێنتەکانى بخاتەڕو.