وەزارەتى خوێندنى باڵا ستایشى ڕۆڵى نوێنەرایەتى خوێندکاران دەکات

Logoy wezaret

لە بەرامبەر هاندانى خوێندکاران بۆ گەڕانەوەیان بۆ هۆڵەکانى خوێندن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە نوێنەرایەتى گشتى خوێندکاران دەکات .

ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتى (٣/١٢/٢٠١٦) نوێنەرایەتى گشتى خوێندکاران و نوێنەرى خوێندکاران لە کۆلێژەکانى زانکۆى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا بەیاننامەیەکیان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و ڕاى گشتى خوێندنەوە، لە بەیاننامەکەدا دواى ئاماژەکردن بەکێشەو گرفتەکان کە ڕوبەڕوى پڕۆسەى خوێندن بۆتەوە بەتایبەت قەیرانى دارایى، لە بەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا "داوا لە سەرجەم خوێندکاران دەکات لە ڕۆژى یەک شەممە، ڕێکەوتى (٤/١٢/٢٠١٦)وە بگەڕێنەوە هۆڵەکانى خوێندن بۆ ئەوەى ساڵێکى خوێندنیان بەفیڕۆ نەڕوات".

بۆ ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەربارى دەستخۆشیمان بۆ نوێنەرایەتى گشتى خوێندکاران لە بەرامبەر هاندانى خوێندکاران بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانى خوێندن و درێژەدان بەپڕۆسەى خوێندن لە ناوەندەکانى خوێندن، جەخت لەسەر ئەوەش دەکەینەوە، کە ئەم هەوڵ و هاندانەى نوێنەرایەتى خوێندکاران هەستکردنە بەبەرپرسیاریەتێکى گەورەى ڕێکخراوەیى بەرامبەر بەقۆناغێکى گرنگى گەلەکەمان و پڕۆسەى خوێندن.

دڵنیابن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە جاران زیاتر لە هەوڵەکانى بەردەوام بۆ دابینکردنى مافى تەواوى مامۆستایان دەبێ، چونکە دابینکردنى شایستە داراییەکانى مامۆستایانمان کردۆتە کارى لە پێشینەى خۆمان و، لەو چوارچێوەیەشدا وەک چۆن لە ماوەى ڕابردو کارى جدیمان بۆ کردوە، لە داهاتوشدا کارەکانمان بەردەوام دەبێ، هەمو ئەو کارانەشمان لە پێناو ئەوەیە پڕۆسەى خوێندن لە هیچ زانکۆیەک لە زانکۆکانى کوردستان ڕانەوەستێت، بەڵکو هاوشانى یەکتر و هاوتەریب لەگەڵ یەک هەمو زانکۆکان درێژە بەخوێندن بدەن، بۆ ئەوەى هەمومان پێکەوە نەوەیەکى گۆشکراو بەزانست و مەعریفە بۆ کۆمەڵگەکەمان پێ بگەێنین.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشتر و ئێستاش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خۆپیشاندانى مامۆستایان بۆ مافێکى ڕەوایە، بەهەمان شێوە داواکاریەکانیشیان داوایەکى ڕەوایە، بۆیە وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕابردودا تاکە وەزارەت بوین، کە لە ڕێگەى پڕۆژەوە داوامان لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردوەو هەوڵمانداوە تا کێشەى دارایى مامۆستایانى زانکۆ چارەسەر بکەن و، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوامین بۆ بەدیهێنانى خواستى ڕاستەقینەى مامۆستایان.

نوێنەرایەتى گشتى خوێندکارانى زانکۆ لە کۆتایى بەیاننامەکەیاندا چەند پێشنیازێکیان خستۆتەڕو کە تایبەتن بە "گێڕانەوەى داهاتى زانکۆکان و کرێى خوێندنى پارلێل و خوێندنى ئێواران و  هاریکاریکردنى مامۆستایان"، سەبارەت بەو پێشنیاز و داواکاریانەش، ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەێنین: دانانى سندوقى زانکۆکان و سندوقى وەزارەت لە بنەڕەتدا پڕۆژەى خودى وەزارەتە و، پەسندکردنى (پڕۆژەى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان)، کە لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران پەسند کرا، دەسکەوتى گەورەى بۆ زانکۆکان بەدواى خۆیدا هێناوە، چونکە ئێستا زانکۆکان لە ڕوى داراییەوە پشت بەخۆیان دەبەستن و، بۆ هەر جۆرە خەرجیەک بەتایبەت شایستە داراییەکانى مامۆستایان و مامۆستایانى وانەبێژ و، هەر خەرجیەکى دیکە ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵکو دەسەڵاتى خەرجکردن دراوە بەخۆیان، هەربۆیە بەشى زۆرى پارەى خوێندن بەسیستمى پارلێل و خوێندنى ئێواران و هەمو داهاتەکانى دیکە بەپێى ئەو پڕۆژەى پەسندکراوە لە (٧٠%)ى دەچێتە سندوقى زانکۆکان و، زانکۆکان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکانى خۆیان و باشکردنى دۆخى دارایى مامۆستایانى خەرجى دەکەن، بۆیە ئەو پێشنیازەى کە نوێنەرایەتى گشتى خوێندکاران خستویانەتەڕو سەربارى دەستخۆشیمان، بەڵام ئێمە لە وەزارەت بەشێوەى پراکتیک دەستمان پێکردوە و، لەئێستادا لە بوارى جێبەجێکردندایە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستمان بەدابەشکردنى بڕێک لەو پارانە بەسەر ئەو مامۆستایانە کردوە، کە شایستەى داراییان لەسەر زانکۆ و وەزارەتە، بۆیە ئەوەتان پێ ڕادەگەێنین کە ئەو پڕۆژەیە وایکردوە داهاتێکى زۆر بۆ زانکۆکان کۆببێتەوە و، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا بەو داهاتانە زانکۆکان ئەتوانین هانى مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەرانسەرى زانکۆکانى کوردستان بدەن بۆ بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن و ئاوەدانکردنەوەى هۆڵەکانى خوێندن بەوشەى زانست و فێربون.