چیتر وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشینەى مانگانە وەرناگرێ

winay wezaret

لە چوارچێوەى هەنگاوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتى سەربەخۆى دارایى، یەکەمین هەنگاوى بەو ئاڕاستە نا و، چى دیکە پێشینە (نسریە)ى مانگانە لە وەزارەتى دارایى و ئابورى وەرناگرێ.

لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانى دارایى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەنگاوەکانى سەربەخۆى دارایى زانکۆکانى لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکەوە دەستپێکرد.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونکردنەوەى زیاترى لەو بارەیەوە داو وتى: لە رێکەوتى (٢٩/١١/٢٠١٦) ، بەنوسراوى ژمارە (١٨٠٩٧)، بەئیمزاى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەرز کراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، لەمەودوا چیتر دیوانى وەزارەت پێشینە (نسریە)ى مانگانە وەرناگرێ، بەڵکو پشت بەداهاتى خۆى دەبەستێ بۆ ڕایکردنى کاروبارى مانگانەى دیوانى وەزارەت.

 وەک لە نوسراوەکەدا هاتوە "  لە (١/١٢/٢٠١٦)ەوە دیوانى وەزارەتەکەمان پێویستى بەتەمویلکردنى پێشینەى مانگانە نابێت لەلایەن وەزارەتى دارایى  و ئابورى، بەڵکو دەیگەڕێنینەوە بۆ خزێنەى حکومەت و، بۆ لەمەودواش لە داهاتى خۆمان خەرجیەکانى تەنها دیوانى وەزارەتەکەمان دابین دەکەین".

عەباس ئەکرەم ئەوەشى ڕاگەیاند لەسەر ئاستى زانکۆکانیش هەنگاوى گەورە نراوە بەتایبەت دواى پەسندکردنى پڕۆژەى هەنگاونان بەرەو سەربەخۆى دارایى زانکۆکان، کە بە بڕیارى ژمارە (٨٦) لە ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠١٦) لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرکرا، دەسکەوتى گەورەى بۆ زانکۆکان بەدواى خویدا هێناوە، چونکە زانکۆکان لە ڕوى داراییەوە پشت بەخۆیان دەبەستن و بۆ هەر جۆرە خەرجیەک بەتایبەت شایستە داراییەکانى مامۆستایان و مامۆستایانى وانەبێژ و هەر خەرجیەکى دیکە ناگەڕێنەوە بۆ وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵکو ڕاستەوخۆ لەلایەن زانکۆکانەوە خەرج دەکرێ، بێگومان ئەوەش پاڵپشتیەکەى گەورە دەبێ بۆ درێژەدان بەپرۆسەى خویندن و خەرجکردنى شایستە داراییەکانى مامۆستایان لەکاتى خۆیدا.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە هەنگاو و کارەکانى وەزارەت بەردەوام دەبێ بۆ سەربەخۆى زیاترى زانکۆ و دەزگاو دامەزراوەکانى وەزارەت.