ناردنى خوێندکاران لە دەرەوەى بەرنامەى تواناسازى

بەرنامەى تواناسازى ئێستا لە بوارى جێبەجێکردندایە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بە پلانێکى ستراتیژى درێژخایەن پرۆسەى ناردنە دەرەوەى خوێندکارە پێشەنگەکان بەڕێوە دەبات.

بێگومان بودجەى ئەم بەرنامەیەش سنوردارە، بۆیە ئەولەویەت بە ناردنى بەهرەمەندترین لاوانى کوردستان دەدرێت.  لە هەمان کات دا ماناى ئەوە نییە کە دەرفەت تەنها بۆ ئەو توێژە بڕەخسێنرێ، چونكه‌ ژمارەیەکى بەرچاو لە ڕۆڵەکانى گەلەکەمان ڕەنگە لە دەرفەتى لاوێتى دا هەلى بەدەستهێنانى نمرەى بەرز و بەدەستهێنانى زەمالەى خوێندنیان بۆ نەڕەخسابێت بەڵام هێشتا خەون و هیواى بەدەستهێنانى بڕوانامەى خوێندنى باڵایان لەدەست نەداوە.  هەر بۆیە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە کۆمەڵێک بڕیارى گرنگى دا بۆ هاوکاریکردنى ئەو بەڕێزانەى کە بەهۆى مەرجى  کۆنمرە و تەمەنەوە بەرنامەى تواناسازى و خوێندنى باڵاى زانکۆکانى هەرێم نایانگرێتەوە بڕیارەکانیش بریتین لە :

یەکەم: هەر خوازیارێک کە مەرجەکانى تواناسازى یان خوێندنى باڵاى هەرێم نایگرێتەوە  ئەوا وەزارەتى خوێندنى باڵا مۆڵەتى خوێندنى پێ دەدات بە موچەى تەواو بەم مەرجانەى لاى خوارەوە:

  1. دەبێت داواکار کۆنمرەى دەرچوونى لە خوێندنى بەکالۆریۆس لە 60% کەمتر نەبێت.
  2. پێویستە داواکار تەمەنى لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت بۆ خوێندنى ماستەرو لە 45 ساڵیش زیاتر نەبێت بۆ خوێندنى دکتۆرا.
  3. پێویستە داواکار نوسراوى وەرگرتن لە زانکۆیەکى باوەڕپێکراوى دەرەوەى ووڵات بەدەست بهێنێت.
  4. پێویستە داواکاران بە پێى پلانى کارگێڕى و ڕەزامەندى دەزگاکانیان داواى مۆڵەتى خوێندن بکەن.

دووەم:  ئەو بەڕێزانەى کە کۆنمرەى بەکالۆریۆسیان لە 60% کەمترە یان تەمەنیان لەو ڕێژانە زیاترە کە لە سەرەوە ئاماژەى پێکراوە ئەوا بە هامان شێوە مۆڵەتى خوێندنیان پێ دەدرێت بەڵام بەبێ مووچە، لە دواى گەڕانەوەشیان ئەو بەڕێزانە لە وەزارەتەکانى خۆیان دەمێننەوە و درێژە بە خزمەتکردن دەدەن.