د.یوسف گۆران سێنتەرى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کردەوە

img

 لە مەراسیمێکدا، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتى (١١/٧/٢٠١٦) بەئامادەبونى د.ئامانج سەعید ڕاویژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و ژمارەیەک لە مامۆستایانى زانکۆ بەڕێوەچوو، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سێنتەرى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى کردەوە.

دواى کردنەوەى سێنتەرەکە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەیدا د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: ئەمڕۆ بۆ ڕاگەیاندنى کردنەوەى سێنتەرى نیودەوڵەتى پەرەپێدانى زمان و ڕیککەوتننامەى نێوان زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بریتش کاونسڵ بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى (IELTS)  کۆبوینەتەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕؤژنامەیەکەدا د.یوسف گۆران وتەیەکى پێشکەش کرد و وتى: خۆشحاڵم بۆ کردنەوەى ئەو سێنتەرە، وتیشى لە ماوەى چەند مانگى ڕابردودا هەوڵمانداوە بۆ ئەوەى سێنتەرى تاقیکردنەوەى (IELTS) لە پارێزگاى سلێمانى بکەینەوە، چونکە زمانى ئینگلیزى ڕۆڵیگى گەورى زانستى لە سەر ئاستى دنیا هەیە، زمانى ئینگلیزى زمانى زانست و توێژینەوە پەیوەندییە. سەبارەت بەگرنگى تاقیکردنەوەى (IELTS)  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: (IELTS) بڕوانامەیەکى باوەرپێکراوە و بەهەزاران دامەزراو و زانکۆى باوەڕپێکراو دان بە بڕوانامەکانى دەنێن، بۆیە کردنەوەى ئەم سینتەرە بۆ خوازیارانى زمان لەم سنورە دەبێتە هۆى بەرزکردنەوەى ئاستى زمانى ئینگلیزییان، د.یوسف گۆران: بریتش کاونسڵ ڕیکخراویکى نێودەوڵەتى فراوانە و تەنها لە زمان کار ناکات، بەڵکو لە بوارى کەلتوریش کاردەکات، بۆیە کردنەوەى ئەو سینتەرە لە سلێمانى وادەکات خوێندکاران و، ئەوانەى کە دەخوازن پەرە بەزمانى ئینگلیزییان بۆ خوێندن و، بازرگانى و ئابورى و پەیوەندى بدەن دەتوانن ئەم سینتەرە بکەنە سەرەتاییەکى باش بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، هەر لە میانەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کردنەوەى سێنتەرە بەشێکە لە دیدى وەزارەت بۆ بردەوان بەزمانى ئینگلزى بۆ ئەوەى زمانى ئینگلیزى بکەینە زمانى دوەم لە زانکۆکان، هەربۆیە ئەمڕۆ بۆ زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى ڕۆژێکى گرنگە، بەهەمان شێوە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى لە دهۆکیش سێنتەرێکى هاوشێوە بکەینەوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە زمان بۆتە مەرجێک بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، لە کۆتایشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەم سێنتەرە دەبیتە ناوەندیکى گرنگى کەلتورى لە پایتەختى ڕۆشنبیرى، بۆیە دەستخۆشى لە ستافى ئەم زانکۆیە دەکەم کە توانیان ئەم ڕیکەوتتنامەیە دروست بکەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا د.ئالان فەریدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیک سلێمانى وردەکارى ڕێککەوتنامەى نێوان زانکۆکەى و بریتش کاونسڵ بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى نێودەوڵەتى (IELTS) لە سێنتەرى زمانى زانکۆى پۆلیتەکنیک خستەڕو وتى: ئەم ڕێکەوتنامەیە لە ڕێکەوتى (١٢/٦/٢٠١٦) چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەروەک مژدەى بەفیرخوازان دا کە لەسەرەتایى هەفتەى مانگى ئابەوە بۆ یەکەمینجار تاقیکردنەوەى زمانى ئینگلیزى ئەنجام دەدرێت، د.ئالان فەریدون ڕونیکردنەوەى زیاترى لەبارەى ڕێککەوتنامەکەدا وتى: بەپێى ڕێککەوتنەکە بریتش کاونسڵ بەهەماهەنگى لەگەڵ سێنتەرى زمان مانگانە هۆڵى کۆنفرانس و چەند هۆڵێکى تایبەت بەسێنتەرەکەمان بۆ مەبەستى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى (IELTS) بەکاردەهێنێت و ئەرکى ئاگاداکردنەوەو دانانى پۆستەرات و هێماى تایبەت بەتاقیکردنەوەى (IELTS) لە ڕۆژانى تاقیکردنەوەکاندا دەکەوێتە ئەستۆى بریتش کاونسڵ. د.ئالان فەریدون ئاماژەى بەگرنگى ئەو ڕێککەوتنە کرد و وتى: بەپێى خاڵێکى ڕێککەوتنەکە سێنتەرى زمانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وەک دامەزراوەیەکى دانپیانراو لە وێب سایتى ڕەسمى (IELTS)  (www.ielts.org) ئەژمار دەکرێت، لەهەمان کاتدا بریتش کاونسڵ کەرەستەو پڕۆگرامى تایبەت بەکۆرى ئامادەکارى (IELTS) بۆ سێنتەرى زمانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى بەبێ بەرامبەر دابین دەکات بەتایبەت بۆ ئەو کۆرسانەى کە تایبەت بەئامادەکارى بۆ تاقیکردنەوەى (IELTS)، هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە سێنتەرەکە دەبێتە ناوەندێکى گرنگ لە ناوچەکە بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى (IELTS).

تاقیکردنەوەى (IELTS) بریتیە لە تاقیکردنەوەو دیاریکردنى توانستى زمانى ئینگلیزى فێرخوازان و خەڵکى بەگشتى کە ئەخوازن بخوێنن یان کار بکەن، ئەو تاقیکردنەوەیە بریتیە لە یەکێک لە بەناوبانگترین تاقیکردنەوەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە جیهان بۆ خوێندنى باڵاو گەشت و کۆچکردن و، ساڵانە لە جیهاندا بەمیلیۆنان کەس ئەو تاقیکردنەوە لە (١٣٧) وڵاتى جیاواز ئەنجام دەدەن، لە ئێراقیش لە دواى بەغداد و هەولێر، سێنتەرى زمانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى دەبێتە سێیەم ناوەند بۆ ئەنجامدانى ئەو تاقیکردنەوەیە، هەروەک دەبێتە یەکەم سێنتەر لەسەر ئاستى ئێراق کە لە چوارچێوەى ڕێکەوتنێکدا ئەو تاقیکردنەوەیە ئەنجام دەدرێ، تاقیکردنەوەکەش بریتیە لە هەلسەنگاندنى توانستى زمان لە سکیڵەکانى (خوێندنەوە، نوسین، گوێگرتن، قسەکردن)، تاقیکردنەوە (IELTS) لەلایەن زیاتر لە (٩٠٠٠) هەزار دامەزراوەو زانکۆى جیهانیەوە باوەڕپێکراوەو کارى پێ دەکرێ.

واش بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی نێوان زانکۆى پۆلیتەکینکى سلێمانى و بریتیش کاونسڵ، سەنتەرى زمان کۆرسی ئامادەکاری تاقیکردنەوەی (IELTS) بە شێوەیەکی زۆر سەردەمییانە و جیاواز لە ڕووی کوالیتی و پرۆگرامەوە دەکاتەوە و، ڕاستەوخۆ بەسەرپەرشتی بریتیش کاونسڵ و لە هۆڵی ۆرکشۆپ و تاقیگەی زمانی سەنتەرى زمان کۆرسەکان دەخوێنرێت، تێچوی کۆرسەکە بریتییە لە ٢٧٥،٠٠٠ دووسەد و حەفتاو پێنج هەزار دیناری عێراقی، هەر گروپێک ژمارەی کورسییەکانی ڕێژەی یاسایی تەواو کرد ڕاستەوخۆ دوای تاقیکردنەوەی دیاری کردنی ئاست کۆرسەکە دەست پێدەکات... وە سەنتەرمان کتێبی خوێندن بۆ فێرخوازان دابین دەکات، ماوەى کۆرسەکە پێنج هەفتە دەبێت.

لە وەڵامى پرسیارى پەیامنێرانیشدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: سەربارى قەیرانى دارایى ئێمە بەردەوامین بۆ جیبەجێکردنى پڕۆژەکانمان و، خۆشحاڵیشین کە لە ئایندەیەکى نزیکدا بۆ ساڵى دوەم ڕێزبەندى نیشتمانى بۆ زانکۆکانى کوردستان ڕادەگەێنین.

لە کۆتای مەراسیمەکەدا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوانى مەراسیمەکە بەشەکان و هۆڵەکانى سێنتەرى زمانى ئینگلیزیان بەسەرکردەوە، کە بەشێوازێکى سەردەمیانەو بەکواڵیتێکى بەرز بونیاد نراوە.