رێنوێنى تازە لە بارەى خوێندنى ماستەر

دوابەدواى راگەیاندنى پلانەکانى خوێندنى ماستەر بۆ ساڵى 2010/2011 لە 18/10/2010، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی بە پێویست زانى روونکردنەوەیەکى تازە بۆ راى گشتى و هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بڵاوبکاتەوە و هەروەها وێنەیەکى بنێرێت بۆ گشت زانکۆ،دەستەی خوێندنی تەکنیکی هەولێر/ سلێمانی، ئەنجومەنی کوردستانی بۆ پسپۆری پزیشکییەکان، دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی.

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، دوابەدواى نوسراومان ژمارە (11322) لە (11/8/2010) دەربارەى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا (ماستەر) بۆ ساڵى خوێندنى (2010-2011)، سەبارەت بە (ڕاگەیاندنى هەموو کورسیەکانى کۆرسێکى دیاریکراو)، ئەم خاڵانەى خوارەوە دەخەینە بەرچاوو:

  1. لەمەودوا خوێندنى ماستەر لەژێر چاودێرى وەزارەت تەنیا لە سەنتەرە دەست نیشانکراوەکان ئەنجام دەدرێت .
  2. ژمارەى کورسییەکان بە پێى پێویستییەکانى دەزگاکانى خوێندنى باڵا و دەرەوەى خوێندنى باڵاوە دیارى دەکرێت .
  3. گشت کورسییەکان (بۆ پڕکردنەوەى میلاکى گشت ئەم دەزگایانە) بەیەکەوە ڕادەگەیەنرێن .
  4. بۆردى سەرپەرشتیارى ماستەرەکە، بەرپرسە لە تاقیکردنەوەى زانستى و هەڵبژاردنى کاندیدەکان بۆ گشت کورسییەکان .
  5. لەسەر فۆرمى پێشکەشکردن، پێویستە بڕگەیەکى ئاشکرا هەبێ بۆ ئەوەى پێشکەشکاران بژارى (اختیار)ى خۆیان بنووسن، چونکە پێشبڕکێ لەسەر کورسییە جیاجیاکان ڕەچاو دەکرێن.
  6. پێویستە پێشکەشکاران بژارى (اختیار) خۆیان بۆ کورسییە جیاجیاکان دیارى بکەن، چونکە دواى دەرچوونیان دەکەونە سەر میلاکى ئەو دەزگایەى کە کۆمەکى (تمویل) کورسیەکەى کردووە، هەریەک لەوانە دەبێ لانى کەم بۆ ماوەى (4) چوار ساڵ لەو دەزگایە پشتگیریلێکەرە خزمەت بکات .
  7. پێشکەشکار بۆى هەیە زیاتر لە دەزگایەکى پشتگیریلێکەر هەڵبژێرێت و بۆ هەریەکێکیشیان بەجیا ڕەچاو بکرێت و دواتریش پابەند بێ بە کارکردن لە دەزگاکە .
  8. لە ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاردراوە زۆربەى دەرچووانى ماستەر بخرێنە سەر میلاکى زانکۆ تازەکانى دەرەوەى شارە گەورەکان و دەستەکانى خوێندنى تەکنیکى. بۆیە پێویستە پێشکەشکار لەلایەن خۆیەوە ئەو بژارانە (اختیار) یەکلایى بکاتەوە و دواتر بەڵێن نامە واژۆ بکات، کە بۆ ماوەى چوار ساڵ لە دەزگاکانى خاوەن کورسى کاردەکات ئەو دەزگایەش تێچووى خەرجییەکانى خوێندکارى دەکەوێتە ئەستۆ .
  9. لە کاتى پێشکەشکردن، کارمەندانى زانکۆى خانەخوێ، کە سەنتەرى خوێندنى تێدایە، ئەولەویاتیان پێنادرێ، بەڵکو بە پێشبڕکێ کراوە و لەسەر بنەماى بەهرە و توانستى زانستى دەستنیشان دەکرێن.
  10. پێویستە پێشکەشکارانى ناوەوە و دەرەوەى خوێندنى باڵا، لارى نەبوون و بەڵێنى پشتگیرى دارایى لە دەزگا فەرمییەکانى خۆیان بهێنن. ئەو دەزگایانەش بەپرس دەبن لە بەرامبەر خەرجییەکانى خوێندن و مووچە و دەرماڵە.