بۆ قوتابيانی زانکۆى شاهانە‌ی به‌ريتانی

لەدواى بڵاوکردنەوەى ئاگادارییەکى فەرمییەوە لە 23/12/2010، کە هەوڵدرابوو بە شێوەیەکى راستەوخۆ پێتان بگەیەنرێت، بەڵام لە سەرۆکایەتى زانکۆکەتانەوە رێگرى لێکراوە. بۆیە ئەمڕۆ یەکشەممە 23/1/2011 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە پێویستى زانى لە رێگەى روونکردنەوەیەکەوە، چەند خاڵێک گرنگ بۆ خوێندکارانى ئازیزى قۆناخى یەکەمى زانکۆى شاهانەى بەناو بەریتانى بخاتە ڕوو :

1.   لە وەزارەتەوە بە فەرمى داوا لە زانکۆى شاهانەى بە ناو بەریتانى کراوە کە ناوەکەى بگۆڕێت، بەڵام زانکۆى ناوبراو پەناى بردووەتە بەر دادگا، بۆ یەکلایى کردنەوەى بابەتەکە. بۆیە تا ئەو کاتەى دادگا ئەو بابەتە یەکلایى دەکاتەوە، زانکۆى ناوبراو بۆى نییە خوێندکار وەربگرێ.

2.   زانکۆکە بە فەرمى ئەوەشى پێ راگەێنراوە، کە نابێ بەبێ فەرمانى وەزارى خوێندکار لە قۆناخى یەکەم وەربگرێ، چونکە لە وەزارەت هێشتا پلانى وەرگرتنى زانکۆکە و ناوى خوێندکاران پەسەند نەکراوە. بۆیە دەوامى خوێندکاران نایاساییە و بە هیچ شێوەیەک پەسەند نەکراوە و دانى پیانانرێ.

3.   داواکارین لە قوتابيان و خوێندکارانى خۆشەویست کە ئەرک و کات و دارایى خۆیان و خانەوادەکانیان بە فیڕۆ نەدەن و ئایندەى خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، چونکە کێشەکان تا ئەو کاتە درەنگەش یەکلایى نەبووەتەوە و نیوەى ئەمساڵیش وا تێپەڕیووە. بۆیە تازە چیتر پلانى وەرگرتنى ئەمساڵ بۆ ئەو زانکۆیە پەسەند ناکرێت.


4.   بۆ ئاگاداریتان وەرگرتنى خوێندکاران بەبێ فەرمانى وەزارى و بەبێ ئاگادارى وەزارەت، بریتییە لە پێشێل کردنى یاسا، و زانکۆى شاهانەى بەناو بەریتانى، لە کاتى خۆیدا بە چەندین نوسراوى فەرمى ئاگادار کراوەتەوە کە نابێ خوێندکار وەربگرێ، یان دەست بە دەوام بکات. بۆیە ئەرکى سەرشانى حکومەتە رێگە لە چەواشەکردنى خوێندکاران و پێشێل کردنى یاسا بگرێت.