وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و کشتوکال ڕێکەوتنامەیەکیان ئیمزا کرد

img

 بەئامانجى پەرەپێدانى سێکتەرى کشتوکاڵى و ئاودێرى و بەرزکردنەوەى تواناى زانستى مامۆستایان و خوێندکاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێکەوتنامەیەکیان ئیمزا کرد.

بەر لە ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، عبدالستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەە گشتیەکانى هەردوو وەزارەت ئامادەیبون، باس لە دۆخى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕاگەیاند: بەپێى ئامارێک (١٥٣) هەزار جوتیار ناویان لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو تۆمار کردوە، لەهەمان کاتدا بەبەراورد بەدوو ساڵى ڕابردوو ڕێژەى (٤%) دانیشتوان زیاتر ڕویان لە بوارى کشتوکاڵى کردۆتەوە، بەو هۆیەوەشەوە ڕێژەى دانیشتوانى هەرێم کە بەکشتوکاڵەوە خەریکن لە (١٦%) بۆ (٢٠%) زیادى کردوە، هیواشى خواست ئەو ڕێکەوتنە هەنگاوێکى دیکە بێت بەئاڕاستەى باشکردنى دۆخى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەو پێشکەوتنەى کە بوارى کشتوکاڵ  بەخۆیەوە بینیوە، وتیشى ئێمە پێمان وایە کە کوردستان لە ڕێگەى کشتوکاڵەوە دەتوانێت زۆرێک لە کێشە ئابورییەکانى چارەسەر دەکات، وڵاتێک کە یەکەمجار لەسەر ئاستى دنیا بەکشتوکاڵ دەستى بەژیان کردبێت دەبێت کار بکەین و بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێچکەیەى کە باوباوپیرانمان دەستیان پێکردبوو، بەڵام بەشێوەیەکى ئەکادیمى نوێ، د.یوسف گۆران وتیشى ئەو ڕێکەوتنەى کە ئیمزاى دەکەین بۆ هەردولامان پێویست و گرنگن لەلایەک دەبێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنى بوارى کشتوکاڵى و ئاودێرى، لەلایەکى دیکەشەوە سودى زیاتر بەتوێژینەوە زانستیەکان دەگەێنێت، بۆیە خۆشحاڵ دەبین بەئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتنە کە ڕەنگدانەوەى دەبێت بەخزمەتکردن بەکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.

لەبەشێکى دیکەى ئەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٢/١/٢٠١٦) لە دیوانى وەزارەتى کشتوکاڵ و ئاودێرى بەڕێوەچوو، ڕێکەوتنەکە لە نێوان عبدالستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و ئاودێرى و، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئیمزا کرا.

دوابەدواى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکەش، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، عبدالستار مەجید زیرى کشتوکاڵ و ئاودێرى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیەدا ناوەڕۆک و گرنگى ڕێکەوتنامەکەیان بۆ دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن ڕونکردەوە.

لە سەرەتایى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا عبدالستار مەجید وەزیرى کشتوکاڵ و ئاودێرى وتى: بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ ڕێکەوتنامەیەکمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئیمزا کرد، کە تایبەت بەچۆنیەتى گرنگیدان بەسێکتەرى کشتوکاڵ لە هەرێمى کوردستان لە ڕوى ئاسایشى خۆراک و ئاو و توێژینەوەى زانستى، ڕونیشیکردەوە بەپێیى ڕێکەوتنەکە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى (بنکەکانى توێژینەوە، دەزگاکان، ئامێرەکان، زەوییەکان)ى وەزارەتى کشتوکاڵ دەخەینە خزمەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و  توێژینەوەى زانستى بۆ زیادکردنى بەرهەم لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى، بۆیە ئێمەش سود لە تواناى مامۆستایان و خوێندکاران وەردەگرین بۆ پێشخستنى بوارى کشتوکاڵى، ڕونیشیکردوەوە کە ڕێکەوتنەکە بۆ ماوەى پێنچ ساڵ دەبێت و لێژنەیەکى هاوبەشیش بۆ جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى خاڵەکانى ڕێکەوتنامەکە پێک دێت.

لە بەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى خۆشحاڵى دەربڕین بەئیمزاکردنى ئەو ڕێکەوتنامەیە ڕایگەیاند: ئەو ڕێکەوتنامەیە بۆ دۆخى ئێستا هەرێمى کوردستان گرنگى خۆى هەیە، چونکە کشتوکاڵ و ئاو سەرچاوەى گرنگى بژێوى ژیانى خەڵکى کوردستانە، هەروەک خۆشحاڵى خۆشى دەربڕى بەو پێشکەوتنەى کە بوارى کشتوکاڵى لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردودا بەخۆیەوە بینیوە، د.یوسف گۆران ڕونیشیکردەوە لە ماوەى ڕابردودا هەماهەنگى لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاودا هەبووە، بەڵام بەپێى ئەم ڕێکەوتنامەیە لەسەر بنەمایەکى دامەزراوەیى هەماهەنگێکان ڕێکخراوە.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئێمە لەو باوەڕەداین کە دەبێت کە هەموو بەشەکان بەبازارى کارى هەرێمى کوردستان ببسترێتەوە و، مامۆستا و خوێندکاران ببنە بەرهەمهێنەرو لە بازارى کار کار بکەن، بۆیە نامانەوێ ناوەندەکانى خوێندن تەنها شوێنێک بن بۆ بەخشینەوەى بڕوانامە، هیواشى خواست ئەو ڕێکەوتنە بەقازانجى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بشێکتەوەو بوارى کشتوکاڵ زیاتر پێش بکەوێ.