ده‌رگای خوێندنی تايبه‌ت كرايه‌وه‌

بۆ يه‌كه‌مجار له‌ مێژووی عيراق، ده‌رگای خوێندن له‌ زانكۆ و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی به‌ پێی سيسته‌مێكی سه‌رده‌ميانه‌ بۆ كه‌رتی تايبه‌ت كرايه‌وه‌.  به‌ پێی ئه‌و سيسته‌مه‌ تازه‌يه‌، ڕێژه‌يه‌كی دياريكراو له‌ كورسيه‌كانی خوێندنی به‌كه‌لۆريۆس و ديپلۆم و ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ زانكۆ و ده‌سته‌كانی خوێندنی ته‌كنيكی حكومه‌تی بۆ كه‌رتی تايبه‌ت ته‌رخان ده‌كرێ، و خوازيارانی خوێندن ده‌توانن له‌ حيسابی خۆيان وه‌يان لايه‌نێكی پشتگيريكه‌ر درێژه‌ به‌ خوێندنيان بده‌ن. 

ده‌ستكه‌وتی مێژوويی: 

ئه‌و جۆره‌ سيسته‌مه‌ی خوێندنی پاڕاڵال وه‌يان (التعليم الموازی) ده‌روازه‌يه‌كه‌ بۆ چه‌ندين مه‌به‌ستی پيرۆز، له‌وانه‌:

يه‌كه‌م:  ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ هه‌موو فێرخوازانی هه‌رێم و هێنانه‌دی خه‌ونی هه‌موو خوازيارێكی زانست به‌بێ ڕه‌چاو كردنی مه‌رجی ته‌مه‌ن، به‌ تايبه‌تی بۆ ئه‌و كوڕ و كچانه‌ی كه‌ پێشتر هه‌ليان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌ و ‌تا ئێستا مه‌جبور بوونه‌ چاوه‌رێ بكه‌ن وه‌يان ڕوو له‌ هه‌نده‌ران بكه‌ن بۆ وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی زانكۆيی. 

دووه‌م: ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ خوێندكارانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ڕوو له‌ زانكۆكانی هه‌رێم بكه‌ن و به‌ پشتگيری دارايی ده‌ره‌كی له‌ كوردستان بخوێنن.  ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ مايه‌ی ناساندنی هه‌رێم وه‌ك سه‌نته‌رێكی زانستی به‌ جيهانی ده‌ره‌وه و هێنانه‌ ژووره‌وه‌ی داهات.

سێيه‌م: په‌يدا كردنی داهاتێكی سه‌ره‌كی بۆ په‌ره‌پێدان و بوژاندنه‌وه‌ی زانكۆكان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵيتی خوێندن.  به‌و پێيه‌، زانكۆكانی هه‌رێم زياتر به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيی ده‌چن و كه‌متر پشت به‌ دارايی و کۆمەکی حكومه‌ت ده‌به‌ستن.

له‌ ئاينده‌يه‌كی نزيكدا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان وه‌زاره‌تی دارايی و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، ڕێنمايی نوێ بۆ ته‌رخان كردنی كورسی خوێندن بۆ كه‌رتی تايبه‌ت و چۆنێتی دياريكردنی كرێی خوێندن و ميكانيزمی به‌ڕێوه‌بردنی خه‌رجيه‌كان داده‌رێژرێت.لەکاتی وەرگرتنی خوێندکار پێوەرە زانستیەکان بەتەواوی ڕەچاودەکرێت،خوازیار دەبێ مەرجەکانی کۆنمرەو توانستی زمان و کۆمپیوتەری تێدابێت.ئەمەش بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی ئاستی جۆری یە لە بواری خوێندن.به‌و بۆنه‌يه‌وه‌،وه‌زيری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ی زانستی‌ سوپاسی خۆی ئاڕاسته‌ی وه‌زير و بريكاری وه‌زيری دارايی و كارمه‌نده‌ پسپۆڕه‌كانی وه‌زاره‌تی دارايی كرد بۆ هاوكاریان و ڕێخۆشكردن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ مێژووييه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم. 

شايانی باسه‌ كه‌ سيسته‌می نوێ له‌ ساڵی ئيمساڵه‌وه‌ بۆ خوێندنی ديپلۆم و ماسته‌ر په‌يڕه‌و ده‌كرێ، و به‌ شێوه‌يه‌كی سنوورداريش له‌ خوێندنی به‌كالۆريۆس په‌يڕه‌و ده‌كرێ.  به‌ڵام داڕشتنه‌وه‌ی ڕێنماييه‌كان پێويستی به‌ كات هه‌يه‌ و دواتر به‌ وورده‌كاريه‌وه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نرێت.  وه‌رگرتنی خوێندكارانی كه‌رتی تايبه‌ت و دابين كردنی كورسيه‌كانيان له‌سه‌ر حيسابی كورسيه‌كانی ناوه‌ندی وه‌رگرتن نابێت، به‌ڵكو شانبه‌شان و ته‌واوكه‌ری ده‌بێت.  واته‌، له‌ ڕێژه‌ و ژماره‌ی وه‌رگرتنی قوتابيانی ده‌رچووی ئاماده‌يی كه‌م ناكرێته‌وه‌‌.